ئاسایشی هەولێر: داواكراوێك لەكاتی روبەڕوبونەوەی هێزەكانی ئاساییشدا كوژرا
  2021-09-05       500       

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە، لەكاتی هەوڵی دەستگیركردنیدا، داواكراوێك كە حەوت فەرمانی دەستگیركردنی هەبوە، بەچەك روبەڕوی هێزەكانیان بۆتەوەو دو كارمەندی هێزەكانیانی برینداركردوەو دواتر كوژراوە. هەروەها لەمانگی پێنجی ئەمساڵیشدا، ئەو تۆمەتبارە دوای ئەوەی دو كارمەندی دیكەی ئاسایش و هاوڵاتییەكی برینداركردبو، توانیبوی لە هەوڵێكی هێزە ئەمنییەكان بۆ دەستگیركردنی دەربازی بێت.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا وتی"کەسێک بەناوی (ئەحمد حەمەدئەمین رەسول) دانیشتوی شاری هەولێر، داواکراو لە دادگا بە ماددەی (406) لە رێکەوتی (23/5/2021) مەفرەزەکانمان لە هەوڵی دەستگیرکردنی بون، داواکراو تەقەی لێ کردون و دو کارمەند و هاوڵاتییەکی ئافرەت بە ناوی (ش.و.ر) برینداربون و تاوانباریش توانی رابکات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دواتر تاوانبار بەردەوام هەڕەشەی لە هاوڵاتیان دەکرد و مەترسی بو لەسەر گیانی هاوڵاتیان، لە رێکەوتی (18/6/2021) هەڵسا بە کوشتنی هاوڵاتیی (فەرهاد جەبار محەمەد) و خۆی لە شوێنێکی نادیار حەشاردا."

بەپێی قسەی ئاسایشی هەولێر "تاوانبار (7) فەرمانی دەستگیرکردنی بە ماددەکانی (تیرۆر)و (هەڕەشە)و (کوشتن) هەبو، بۆیە لێکۆڵینەوەو بەدواداچون لەلایەن تیمەکانمان بەردەوام بو، لە ئەنجامدا توانرا شوێنی تاوانبار دەستنیشان بکرێت و، ئەمڕۆ ئێوارە رێکەوتی (5/9/2021) لەناو شاری هەولێر/ گەڕەکی مەهاباد هێزەکانمان هەوڵی دەستگیرکردنیاندا، بەڵام تاوانبار بۆ جارێکی تر بە چەک و تەقەکردن روبەڕوی هێزەکانمان بوەوە و دو کارمەندی تری بریندار کرد و دواتر تاوانباریش لەو روبەڕوبونەوەیەدا کوژرا."

دەقی راگەیەندراوەكە...

 

 

 

 

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×