وەزارەتی ناوخۆ لەبارەی ماتۆڕسكیلە بێسەرەتاكان بڕیاری دا
  2021-09-06       395       

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە تۆمارکردنی ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوردەکراون و دەشڵێت: ئەو ماتۆڕسكیلانەی تۆماردەكرێن لە گشت رسوماتێكی تۆماركردنی ژینگەو رێگەوبان و رسوماتی تابلۆ دەبەخشرێن.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ دوشەممە، لە فەرمانێكدا رایگەیاندوە، لەبەرئەوەی زۆربەی ماتۆڕسکیلەکان لە هەرێمی کوردستان بێسەرەتان و بە شێوازی قاچاخ و پارچە یەدەگ داخڵی هەرێمی کوردستان کراون و دواتر پارچەکان بەیەکەوە بەستراون كە بونەتە هۆی چەندین روداوی هاتوچۆ و گەیاندنی زیانی ماددی و گیانی بە هاوڵاتیان.

ئەوەشی خستۆتەڕو: بە مەبەستی نەهێشتنی ئەم دیاردەیەو هاندانی خاوەنی ماتۆڕسکیلەکان بۆ تۆمارکردنی ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە بە فەرمی و بەپێی رێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2021 هاوردەکراون بڕیارماندا بە: 

1. تۆمارکردنی ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوردەکراون بەپێی رێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2021.
 
2. بەخشینی ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە تۆماردەکرێن لە گشت رسوماتی تۆمارکردنی (ژینگە و رێگەوبان) و رسوماتی تابلۆ.
 
3. ئەگەر ماتۆڕسکیلەکان لە دەروازە سنورییەکانی عێراق هاوردەکرا بێت، پێویستە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ نوسراو بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگی تایبەتمەند لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پەسەندکردنی ئەو مەنەفستانەی کە ماتۆڕسکیلەکەی پێ هاوردە کراوە. 
 
4. ماتۆڕسکیلی هاوردەکراو لە دەروازە سنورییەکانی عێراق بەدەر دەکرێن لە گرێبەستی ئەلیکترۆنی فرۆشتنی ماتۆڕسکیل کە لە رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2021 دیاریکراوە و تەنها پێویستی بە گرێبەستی ئاسایی هەیە لە نێوان کۆمپانیای هاوردەکراو یان فرۆشیار لەگەڵ خاوەنی ماتۆڕسکیل.
 
5. ئەم فەرمانە تەنها بۆ ماوەی یەک ساڵ كاری پێ بكرێت لە 1-09-2021 تاوەکو 1-09-2022، تەنها ئەو ماتۆڕسکیلانە دەگرێتەوە کە پێش 1-09-2021 بە شێوازی فەرمی هاوردەکراون، بە مەرجێک مۆدێلەکانیان گونجاو بێت لەگەڵ رێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2021.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×