مه‌سرور بارزانی: 800 هه‌زار کەس لەهەرێم ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە
  2021-09-10       317       
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ تا ئێستا 800 هه‌زار ژه‌مه‌ ڤاكسین به‌هاوڵاتیان دراوه‌. وەزارەتی تەندروستی عێراق-یش رایگەیاند، بەهۆی بەرزی رێژەی وەرگرتنی ڤاکسینەوە لەئێستادا عێراق شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنای تێپەڕاندووە.

ئاوێنه‌: مه‌سرور بارزانی له‌زنجیره‌ تویتێكدا نوسیویه‌تی‌، تا ئێستا توانراوه‌ ڤاكسین به‌ڕێژه‌ی له‌ 30%ی مامۆستایان بدرێت‌و له‌هه‌وڵدان له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تای ساڵی نوێی خوێندن ته‌واوی مامۆستایان ڤاكسین وه‌ربگرن.

ئه‌وه‌شی‌ نوسیوه‌، "تا ئێستا 800 هه‌زار ژه‌مه‌ ڤاكسین به‌هاوڵاتیان دراوه‌.. ئێمه‌ كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، ژماره‌ی بنكه‌كانی پێدانی ڤاكسین به‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش زیاتر بكه‌ین، تا ئێستا زیاتر له‌ 10 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ ڤاكسینیان وه‌رگرتووه‌."

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ وەزارەتی تەندروستی عێراق لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەرزی رێژەی وەرگرتنی ڤاکسینەوە،  لەئێستادا عێراق شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنای تێپەڕاندووە.

راشیگه‌یاندووه‌، لەماوەی داهاتودا دەستدەکەن بەپێدانی کارتی ڤاکسین بەکارمەندانی دامەزراوەکانی حکومەت، ئەوەش بەمەستی دڵنیابونەوە لەوەرگرتنی ڤاکسین‌و حکومەتی عێراقیش سزای هەر کەس دەدات پابەندی بڕیارەکە نەبێت.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشداوە لەبنکە تەندروستیەکان جۆرە جیاوازەکانی ڤاکسینیان دابینکردووەو داواش لەهاوڵاتیان دەکەن ڤاکسین وەربگرن بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ڤایرۆسەکە لەوڵاتدا.

به‌پێی‌ دوایین ئاماری‌ وەزارەتی تەندروستی عێراق، تا ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌، له‌سه‌رتاسه‌ری‌ عێراقدا زیاتر له‌ 4 ملیۆن هاوڵاتی‌ ڤاكسینی‌ دژه‌ كۆرۆنایان وه‌رگرتووه‌. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×