دادگای سلێمانی: دۆسیەکەی د. میران محەممەد دانەخراوە
  2021-09-14       610       
سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ دۆسییەکەی‌ د. میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داخرابێت‌و جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دۆسییەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگای دەستپاکی بۆتەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.

ئاوێنه‌: سەرۆکایەتی دادگای تێھەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه‌، لەچەند کەناڵێکی راگەیاندن ھەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە دادگای تەمیز فەرمانی دەستگیردنی د. میران محه‌مەدی ھەڵوەشاندوەتەوەو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە، بەپێویستمانزانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ بەرچاوڕونی ھەموو لایەک بخەینەڕو:

١) تۆمەتەکان رەتنەکراونەتەوەو دۆسییەکە بەھیچ شێوەیەک دانەخراوەو گەڕێندراوەتەوە بۆ دادگای دەستپاکی بۆتەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.

٢- دادگا لەبڕیارەکانیدا سەربەخۆیی تەواوی ھەیەو بەپێی یاساو بەگوێرەی ئەو سکاڵاو بەڵگانەی دەخرێتە بەردەستی کار دەکات و لەسەر داوای ھیچ کەسێک و لەخۆڕا دۆسیە ناکاتەوەو دۆسیە داناخات.

٣) یاسا لەسەرووی ھەموو لایەکەو دادگا ئیجرائاتی یاسایی خۆی دەکات بەبێ گوێدانە پلەو پایەی لایەنەکانی داوا.

ئه‌و ڕونكردنه‌وه‌یه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، ئازاد رەشید محەمەد، پارێزەری میران محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی به‌میدیاكانی‌ راگەیاندبو، رۆژی یەكشەممە دادگای تەمیز تۆمەتەكانی لەسەر دكتۆر میران هەڵگرتووە. 

ناوبراو وتبوی‌، " لەو كەیسەدا هیچ شتێك لەسەر دكتۆر میران نەسەلمێندرا، بۆیە دادگا گەیشتە ئەو بڕوایەی بانگهێشتی نەكات، چونكە لەو دۆسیەیەدا هیچ سیفەتێكی نییە‌و كەیسەكە پەیوەندی بەدو كۆمپانیاوە هەیە‌و ژمێریارەكەیان دراوە بەدادگا". 

د. میران محەمەد پێشتر بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بو، دوای روداوەكانی 8ی تەمموزی ناوخۆی یەكێتی‌، رۆژی‌ 29ی تەمموزی ئەمساڵ، دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لەسلێمانی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ د. میران محەمەد عەباس ده‌ركرد بەپێی ماددەی 15 لەیاسای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی "تێوەگلانی لەدۆسیەی گەندەڵی‌و سپیكردنەوەی چەكی‌ پاره‌و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران.

د. میران محەمەد یەكێك لەو مەكتەب سیاسییانەی یەكێتی بو كە پشتیوانی لەلاهور شێخ جەنگی دەكرد، بۆیە ئەوكات هەندێك لەكەسە نزیكەكانی لاهور شێخ جەنگی جوڵاندنی‌ دۆسیەكەیان بەبابەتێكی سیاسی ناودەبرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×