زانیاری نوێ لەبارەی شه‌ڕه‌كه‌ی قه‌زای خه‌بات دەخرێتەڕو
  2021-09-16       488       

دوای ئەوەی ئێوارەی  11ی ئەم مانگە لەقەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر بەهۆی شەڕی نێوان دو بنەماڵە چوار کەس کوژران، شەوی رابردو جارێکی دیکە هەردو لایەنی ناکۆک چەکیان دژی یەکتر هەڵگرتوەتەوە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقەکردن لەو قەزایەدا بیستراوە.

ئاوێنه‌: یەکێک لەو هاوڵاتیانەی کەسێ ئەندامی بنەماڵەکەیان لەشەڕەکەی  ئێوارەی  11ی ئەم مانگەدا لە خەبات کوژران، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەوان گلەییان لە دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشی خەبات هەیە، چونکە دوای 45 خولە بەسەر روداوەکەدا کە چوار کوژراو و سێ برینداری لێکەوتوەتەوە گەیشتونەتە شوێنی روداوەکە، بۆیە داوا لە وەزیری ناوخۆ دەکەن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسەی سێ ئەندامی بنەماڵەکەیانی کوشتوە ئۆتۆمبێلی دەزگا ئەمنییەکانی پێیە و لەگەڵ 20 چەکدار شەوی رابردو تەقەیان کردوە، "زۆر کەس دەڵێت ئەوە شەڕی نێوان دو عەشیرەتە، بەڵام ئەمە راست نیە چونکە دروستە ئێمە لە عەشیرەتی گۆرانین و لایەنی بەرامبەرمان لە عەشیرەتی خەیلانین، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئەوە شەڕی دو بنەماڵەیە و لەسەر شتێکی سادە رویداوە".

هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی کێشەکەی قەزای خەبات رایگەیاند، ئەو دۆسیەیە دەبێ یاسا یەکلایی بکاتەوە و تاوانبار بە سزای خۆی بگات، لەم کاتەدا چەند تۆمەتبارێک دەستگیرکراون و هەرکەسێکی دیکەش تۆمەتی لەسەربێت دەستگیر دەکرێت و دادگا حوکمی خۆی دەکات.

مێردمنداڵێکی تەمەن 13 بۆ 14 ساڵ دەچێتە چێشتخانەیەک و داوای لەفەیەک دەکات، بەوتەی منداڵەکە کە دواتر بۆ کەسوکارەکەی باسکردوە، خاوەن چێشتخانەکە و شاگردەکانی گاڵتەیان پێکردوە و لەفەکەیان پێنەداوە و لێیانداوە. مێرد منداڵەکە دەچێتەوە بۆ ماڵەوە و کە لێیان پرسیوە بۆ واتلێهاتوە ئەویش باسی روداوەکەی کردوە و دواتر بۆ چارەسەر بردویانەتە نەخۆشخانە.
 
براگەورەی مێردمنداڵەکە تەلەفۆن بۆ خاوەن چێشتخانەکە دەکات و داوای لێدەکات تاوەکو باوکی نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە و کێشەکە گەورەتر نەبوە بە ئاسانی چارەسەر بکرێت، بچنە ماڵیان و داوای لێبوردن بکەن، بەڵام بەوتەی ئەو خێزانە خاوەن چێشتخانە و شاگردەکانی زۆر گوێیان بە قسەکەیان نەداوە و داواکەیان رەتکراوەتەوە.
 
کاتێک باوکی میردمنداڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و بە روداوەکە دەزانێت دەچێتە چێشتخانەکە و دەبێتە دەمەقاڵێ لەنێوان ئەو و خاوەن چێشتخانەکە و شەڕە تەقە دروستبوە. لە ئەنجامدا باوکی مێردمنداڵەکە بریندارە و یەکێک لە کوڕەکانیشی کوژراوە، لە لایەنی بەرامبەر کە خاوەنی چێشتخانەکەیە سێ کەسیان کوژراوە و یەکێکیشیان بریندارە.



زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×