عێراق و ئەمریكا لەسەر "كەمكردنەوەی هێزە شەڕكەرەكان لە هەولێر و عەین ئەسەد" رێككەوتن
  2021-09-17       380       

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی تەكنیكی سەربازیی عێراق لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی لە بەغدا كۆبونەتەوەو لەسەر كەمكردنەوەی یەكە شەڕكەرەكان و توانا سەربازییەكانی ئەمریكا لە هەردو بنكەی سەربازیی هەولێرو عەین ئەسەد، رێككەوتن بەمەبەستی ئەوەی تا كۆتایی ئەم مانگە ئەو پڕۆسەیە تەواو بكرێت.

ئاوێنە: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە كە دوێنێ پێنجشەممە، لە بەغدا، لیژنەی تەكنیكی سەربازیی عێراق بە سەرۆكایەتی عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی بە سەرۆكایەتی لیوا جۆن برێنان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی هاوپەیمانان لە عێراق كۆبونەتەوە.

بەپێی بەیاننامەكە، كۆبونەوەكە لەچوارچێوەی ئەو گفتوگۆ ئەمنییە تەكنیكییانەدا بوە كە لە گفتوگۆی ستراتیژی عێراق و ئەمریكادا رێككەوتنیان لەسەر كراوەو هەروەها لە چوارچێوەی كۆتاییهێنان بە رۆڵی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانان لە عێراق.

لە بەیاننامەكەدا هاتوە، هەردولا رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی یەكە شەڕكەرەكان و توانا سەربازییەكانی ئەمریكا لە هەردو بنكەی سەربازیی عەین ئەسەد و هەولێر، بەشێوەیەك كە تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە، ئەو پڕۆسەیە تەواو بكرێت.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە ئاستی فەرماندەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بارەگایەكەوە بە فەرماندەیی ئەفسەرێك بە پلەی فەریق كەمكراوەتەوە بۆ بارەگایەك بە فەرماندەیی ئەفسەرێك بە پلەی لیوا ئەوەش لەپێناو پشتیوانی و دابینكردنی چەك و گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری و راوێژ.

هەروەك هەردولا جەختیان كردۆتەوە كە بونی هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر داوای عێراقەو پێویستە لەسەر حكومەتی عێراق بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، پارێزگارییان لێ بكات بەشێوەیەك كە لەگەڵ سەروەری وڵاتدا یەكبگرێتەوە.

هەروەها بەپێی بەیاننامەكە هەردولا رێككەوتون لەسەر بەردەوامیدان بە كۆبونەوەكان بۆ تەواوكردنی گفتوگۆی ئەو هەنگاوانەی ماون بۆ كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە وادەی دیاریكراودا كە كۆتایی ئەمساڵە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×