دوایین دوو بەندكراوی فەڵەستینی هەڵهاتوو دەستگیركرانەوە
  2021-09-19       511       
سوپای ئیسرائیل دەستگیركردنی دوایین دوو بەندكراوی فەڵەستینی هەڵهاتووی لە كۆی شەش هەڵهاتووەكەی بەندینخانەی جلبوع ڕاگەیاند.

ئاوێنە: وتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەكدا لە تویتەر ڕایگەیاند، هەڵمەتی بەدواداگەڕانەكە بە سەركەوتوویی كۆتایی هات. لە هەڵمەتێكی هاوبەشی سوپا و دەزگای ئاسایشی گشتی و هێزی پۆلیسی تایبەت شەوی ڕابردوو لە شاری جنین توانرا هەریەك ئەیهەم كەممجی و منازڵ نفیعات، بەندكراوانی هەڵهاتوو دەستگیركرانەوە.

بەپێی وتەبێژەكە، “هەردوو بەندكراو گوازراونەتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكان”.

هەروەك سوپای ئیسرائیل وێنەی هەریەك لە كەممجی و نفیعاتی لە ساتی دەستگیركردنیان بڵاوكردەوە.

لە 6ی ئەم مانگە شەش بەندكراوی فەڵەستینی لە بەندینخانەی جلبوع لەڕێی هەڵكەندنی تونێلێكەوە هەڵهاتن، بەڵام لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن هێزەكانی ئیسرائیلەوە چواریان دەستگیركران و شەوی ڕابردووش كۆتایی بە دەستگیركردنەوەی سەرجەمیان هێنرا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×