تەڤگەری ئازادی: وێنەو ڤیدیۆی ئەو كەسە دەست هێزە ئەمنییەكان كەوتوە كە کادیرەکەی پەکەکەی تیرۆركردوە
  2021-09-19       2024       
شوكری سە‌رحە‌د

جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کە بە هێزێکی نزیک لە پەکەکە هەژمارد دەکرێت رایگەیاند، ئەو کەسانەی لە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە، لەگەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، ئەندامێكی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکەیان شەهیدكردوە، وێنەو ڤیدیۆیان دەست دەزگا ئەمنیەکان کەوتوەو لەکاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا، روخساریان هەڵنەپێچاوە.

ئاوێنە: سەرلەبەیانی رۆژی 17 ی ئەم مانگە، لەگەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی، شوکری سەرحەد، ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە تیرۆركرا، دەزگا ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان، کەسێکیان بە تۆمەتی کوشتنی دەستگیرکردوە، بەڵام میدیاکانی نزیک لەپەکەکە دەڵێن، 4 کەس تاوانەکەیان ئەنجامداوە، نەک یەک کەس.

تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، بە دەنگی ئەمریكای وتوە"بەرپرسانی پەکەکە ڕایانگەیاندوە، شوکری سەرحەد ماوەی 15 ساڵە لە هەرێمەو کاری بۆ بنەماڵەی شەهیدان کردوە، چونکە پەکەکە لە هەرچوار پارچەی کوردستان شەهیدی هەیە."

جەختیشیکردەوە "ئیشی شوکری سەرحەد ئەنجامدانی کاری مەدەنی بوە، هیچ چالاکیەکی سەربازی نەبوە، ئەو تەمەنی نزیکەی 70 ساڵ بوەو هیچی لەخۆی شک نەبردوە، بۆیە لەسلێمانی بەسادەیی سوڕاوەتەوە."

دوای کوژرانی کادیرەکەی پەکەکە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای لە دەزگا ئەمنیەکان کرد، بەزوترین کات، تاوانباران دەستگیربکەن و ڕاپێچی دادگایان بکەن.

بەچەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیەندراوەکەی قوباد تاڵەبانی، دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی، وێنەی دەستگیرکراوێکی نیشتەجێی پارێزگاکەیان بڵاوکردەوە، گوایە تۆمەتبارە بەکوشتنی شوکری سەرحەد، بەڵام میدیاکانی نزیک لەپەکەکە گومانیان خستە سەر تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە، بەوەی بکوژی ڕاستەقینە بێت.

جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، لەبارەی دەستگیرکراوەکەوە، وتی"هێشتا بەفەرمی دان پێدانانی دەستگیرکراوەکە بڵاونەکراوەتەوە، تا نەیبینین، ناتوانین بڕیار بدەین، بەڵام شەش کامیراو دەیان ڤیدیۆی بکوژەکە لەبەردەست هێزە ئەمنیەکاندایە."

وتیشی"بکوژەکە، بێ دەمامک و بێ چاویلکەو بێ شاردنەوەی روخساری، تاوانەکەی ئەنجامداوە، پێشتر سوڕاوەتەوەو لەفەو چای خواردوە، کاتێکیش تاوانەکەی ئەنجامداوە، بە ئاشکرا رومەتی دەرکەوتوە، بۆیە گەر وێنەی دەستگیرکراوەکە جێی گومان بێت، دەکرێت لەگەڵ ڤیدیۆکاندا بەراورد بکرێن، تا هاوڵاتیان دڵنیابنەوە لەوەی دەستگیرکراوەکە، بکوژی ڕاستەقینەیە."

بەپێی وتەی تارا حسێن، ئەو کەسانەی هەستاون بە تیرۆرکردنی شوکری سەرحەد، ژمارەیان چوار کەس بوە، یەکێکیان تەقەی لێکردوە، ئەوانیتر شۆفێر و چاودێریکار بون، کە ئۆتۆمبێلێکی پیکاب دەبڵیان پێبوە.

لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، بە ئەرکی هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانی زانی، زانیاری ورد لەبارەی چۆنیەتی تیرۆرکردنی کادیرەکەی پەکەکە و وردەکاری روداوەکەوە بخەنەڕو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×