مەسرور بارزانی لەزاخۆ: بونی پەکەکە وایکردوە گوندنشینان نەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان
  2021-09-20       283       
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە داهات و خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیەکی یەکسان لەهەمو ناوچەکان دابین بکات، راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش لەچوارچێوەی گەیاندنی خزمەتگوزاری گشتیدایە بۆ ئەو سنورە سەرەڕای بونی چەندین ئاستەنگی لەوانەش "بەهۆی بونی پەکەکە گوندنشینانی زاخۆناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان ".

ئاوێنە: مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاماژەی بەوەشكرد، ئامانج لەدروستکردنی ئیدارە سەربەخۆکان گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بۆ کاروباری ئیداری پێویست نەکات سەردانی ناوەندی پارێزگاکان بکەن، هەروەها بۆ ئەوەیە هەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و کەرتەکانی دیکە زیاتر و فراوانتربکرێن.

ئەوەشی خستەڕو، یەکێک لەو ئاستەنگیانەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ روبەڕوی دەبێتەوە بونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە لەسنوری دەیان گوندی ئەم ئیدارەیەدا، کە بەهۆیەوە هاوڵاتیان لەترسی بۆردومان و کردنەئامانج ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، هەروەها بەهۆیە نەتوانراوە پڕۆژەی کشتوکاڵی و گەشتیاری لەو ناوچانەدا پەرەی پێ بدرێت.

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراقیش مەسرور بارزانی باسی لەوەکرد، هەڵبژاردنەکانی داهاتو چارەنوسسازە چونکە هەمو بڕیارێک کە لەپەرلەمانی عێراق دەردەچێت کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت، بۆیە داوا دەکەن هاوڵاتیان دەنگ بەو کەسانە بدەن کە لەپێناوی کوردستان قوربانیانداوە و لەکاتی قەیرانەکاندا تاقیکراونەتەوە و سەرکەتو بن.

ناساندنی ئیدارەی زاخۆ:

زاخۆ، ده‌كه‌وێته‌ باكوری پارێزگای دهۆك، له‌ ساڵی 1864ـه‌وه‌ بوه‌ته‌ قه‌زا، روبه‌ره‌كه‌ی 1209 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه‌ و ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی زیاتر له‌ 300 هه‌زار كه‌سه‌، جگه‌ له‌و ژماره‌یه‌، 90 هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ری لێ ده‌ژیت. قه‌زای زاخۆ له‌ شاره‌دێیه‌كانی (باتیفا، ده‌ركار و رزگاری) پێكهاتوه‌، له‌ سنوری قه‌زاكه‌ 187 گوند هه‌یه‌، 92 گوند ئاوه‌دان كراونه‌ته‌وه‌.

ناحیه‌ی رزگاری، 49 گوند و 5 كۆمه‌ڵگه‌ له‌خۆده‌گرێت، ناحیه‌ی ده‌ركایش 63 گوند و 3 كۆمه‌ڵگه‌ی تێدایه‌، ناحیه‌ی باتیفا 75 گوند و 3 كۆمه‌ڵگه‌ی تێدایه‌، له‌ زاخۆش 6 شاره‌وانی هه‌یه‌.

ناحیه‌ی باتیفا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆكه‌وه‌ پێشنیاز كراوه‌ تا ببێته‌ قه‌زا، پێشنیازه‌كه‌ش په‌سه‌ند كراوه‌، كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی بێگۆڤا و گوندی ئاڤه‌گه‌نیێ ببنه‌ شاره‌دێی سه‌ر به‌ باتیفا.

یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌ پێشنیازكراوه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دهۆك، گۆڕینی ناحیه‌ی باتێل-ه‌ ببێته‌ قه‌زا، كه‌ سه‌ر به‌ قه‌زای سێمێله‌، به‌ڵام ئیداره‌كه‌ی بۆ قه‌زای زاخۆ بگوازرێته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و هه‌نگاوه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

له‌ روی ئابورییه‌وه‌ زاخۆ پێگه‌یه‌كی گرنگی هه‌یه‌ و ده‌روازه‌ی سنوری "ئیبراهیم خه‌لیل" له‌ سنوری قه‌زای زاخۆیه‌، هه‌رێمی كوردستان به‌ توركیا ده‌به‌ستێته‌وه‌ و رێگه‌یه‌كی بازرگانی گرنگه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراقیش.

زاخۆ چه‌ندین شوێنه‌واری‌ مێژوی‌ گرنگی هه‌یه‌،‌ كه‌ به‌ پێی زانیارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی‌ شوێنه‌واری‌ مێژویی‌ دهۆك، (159) شوێنه‌واری‌ مێژویی له‌و قه‌زایه‌‌ ده‌ستنیشانكراوه‌، له‌ گرنگترینیان (پردی‌ ده‌لال، كه‌للی‌ زاخۆ، كه‌للی‌ قوباد پاشا، شوێنه‌واری‌ كێسته‌).

قه‌زای‌ زاخۆ له‌ باكوری‌ پارێزگای‌ دهۆكه‌، له‌ رۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ قه‌زای‌ ئامێدی‌، ناوه‌ندی‌ دهۆك و قه‌زای‌ سێمێل له‌ باشور و باشوری‌ رۆژئاوا، قه‌زاكه‌ هاوسنوره‌ له‌گه‌ڵ باكوری‌ كوردستان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×