بۆ هەرزان بوونی نرخەكەی ڕێگە بە هاوردەكردنی هێلكە دەدرێت
  2021-09-21       490       

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، دەستكردن بە هاوردەكردنی هێلكە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی بازاڕەكانی ناوخۆ لەڕێی كۆمپانیای گشتی پێداویستییە كشتوكاڵییەكان ڕادەگەیەنێت.

ئاوێنه‌: حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، وەزارەت لەكاتێكدا پارێزگاریی لە بەرژەوەندی بەرهەمهێن دەكات، ڕەچاوی بەرژەوەندی بەكاربەریش دەكات، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی هێلكە لەبازاڕەكانی ناوخۆ، لەپێناو جێگیركردنی نرخەكان تا گونجاو بێت بۆ هاووڵاتى، وەزارەتەكەیان لەڕێی كۆمپانیاكانی سەر بە وەزارت، دەستیكرد بە هاوردەكردنی هێلكە.

بە وتەی نایف، “بڕیارەكە دەبێتە مایەی جێگیركردنی نرخ و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ، وێڕای ئەمەش پرۆسەی هاوردەكردنەكە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە كۆنترۆڵكراوە و ڕێگەنادرێت بازاڕەكان پڕببن، تەنیا بۆ جێگیركردنی نرخێكی گونجاوە”.

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، جەخت لەسەر درێژەدان بە پاڵپشتیكردن لە كەرتی كێڵگەكانی پەلەوەر دەكاتەوە، لەپێناو زیاتركردنی بەرهەم و گەیشتن بە خۆژییەنی.

بەهۆی كەمی بەرهەمی ناوخۆیی هێلكە و قەدەغە كردنی هاوردە كردنی لە ماوەی ڕابردوودا نرخەكەی بەجۆرێك بەرزبووەوە یەك تەبەق چووە نزیكەی 6 هەزار دینار و بەهۆیەوە 5 هێلكە بووە هەزار دینار، بەڵام بەهۆی ئەم بڕیارەی وەزارەتی كشتتوكاڵەوە نرخەكەی هەرزان دەبێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×