وەزیری كشتوكاڵ: 16 ملیار دینار بۆ تەواوكردن و دروستكردنی سێ بەنداو دابینكرا
  2021-09-21       363       

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، بڕی 16 ملیار دینار بۆ تەواوکردن و دروستکردنی سێ بەنداو دابینكرا كە پێكدێن لە بەنداوەکانی: زەلان، چەقچەق، گۆمەسپان. 

ئاوێنە: بێگەرد تاڵەبانی، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی وتوە"بڕی پارەکە بەشێوەی نەختینە و قۆناغ بە قۆناغ لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت."
بەپێی قسەی وەزیری كشتوكاڵ، دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە دوای ئەوە هاتوە كە وەزارەتەكەیان لە نوسراوێكدا داوای تەرخانكردنی بودجەیەكی بە بڕی 126 ملیارو 751 ملیۆن و 449 هەزارو 563 دیناری لە ئەنجومەنی وەزیران كردوە.

وتوشیەتی" بەسوپاسەوە لەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە رەزامەندی دراوە لە قۆناغی یەکەمدا بەدابینکردنی بەشێکی پارەی خەمڵێنراوی پێویست لە پێناو بەردەوامیدان بەو پرۆژانە و دەستکردنەوە بە هەنگاوەکانی بونیادنانی بەنداوەکان بەپێی پێشینەی پرۆژەکانی ئاماژە پێکراو و خشتەی بەرەو پێشچونی کارەکان."

هەروەك ئاماژەی بەوەداوە كە  لە پارێزگای هەولێریش بڕی بودجەی پێشنیارکراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی دراوە بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی به‌نداوی به‌ستۆڕه‌ دوابەدوای ئاماده‌كردنی ده‌رخسته‌ و دیزاینی پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.

بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی وتوە"دروستکردن و تەواوکردنی ئەم بەنداوانە هاوتەریبە لەگەڵ پرۆسەی هەڵسەنگاندنی داخوازی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان و بونیادنانی بەنداوەکان و پرۆژەکانی ئاودێری بەتایبەتی بۆ نۆ بەنداوە ستراتیژیەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی سیستمی (ppp) کە بۆ یەکەمجار لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە سەرپەرشتی دەکرێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەم هەنگاوە کرداریە گرنگانەی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لەچوارچێوەی پلانی داڕێژراوی روبەروبونەوەی دیاردەی وشکەساڵی و گلدانەوەی ئاو و سود وەرگرتن لە کەناڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی گرنیگدان و گەشەپێدانی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و ئاودێری و پارێزگاری لە ئاسایشی ئاو لە هەرێمی کوردستان."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×