دانیشتوانی گەڕەكێكی كەلار بە پێدانی پارچەیەك زەوی قەرەبو دەكرێنەوە
  2021-09-21       269       

لیژنەی باڵای تاپۆ لە گەرمیان بڕیاریدا گەڕەكی لیوا رەشەكە لە كەلار كە مەترسی روخانی لەسەرەو هەندێك لە خانوەكانی داڕوخاوە، خانوەكانیان چۆڵ بكەن و بە وەرگرتنی پارچەیەك زەوی لە سنوری شارەوانی شارەكە قەرەبو بكرێنەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی ئیدارەی گەرمیان، ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتیی جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و سەرۆکی لیژنەی باڵای تاپۆ، بە ئامادەبونی ئەندامانی لیژنەکە، سەبارەت بە گرتنەبەری رێکارەکانی قەرەبوکردنەوەی دانیشتوانی گەڕەکی لیوا رەشەکە لە کەلار کۆبونەوەیەک لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان بەڕێوەچو بڕیاردرا بەپێدانی پارچە زەوییەک دانیشتوانی ئەو گەڕەکە قەرەبو بکرێنەوە.

لە کۆبونەوەکەدا، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، رایگەیاند، لیژنەی باڵای تاپۆ بەپێی یاساو رێنماییەکانی تایبەت بە گەڕەکە بێ تاپۆ و تەجاوزەکان کاردەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ئەو شوێنانەی کە مەترسی بۆ دانیشتوانەکەی هەیە لەپێشدا کاری لەسەر دەکرێت، گەڕەکی ناسراو بە لیواڕەشەکەی کەلاریش بینایەکی کۆنە و مەترسی روخانی لەسەرە، بۆیە پێویستە هەرچی زوە کاری لەسەر بکرێت و دانیشتوانەکەی بە وەرگرتنی زەوی نیشتەجێبون قەرەبو بکرێنەوە.

دواتر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکان و ئەندامانی لیژنەکە کە خۆی دەبینیەوە لە قایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان و سەرۆکی شارەوانی کەلار و بەڕێوەبەرەکانی تاپۆ و گەنجینەی گەرمیان و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەلار، باسیان لە رێکارەکانی تاپۆکردنی گەڕەکە بێ تاپۆکان و قەرەبو کردنەوەیان کرد بەپێی یاسا و رێنماییەکان.

لە کۆبونەوەکەدا، لیژنەکە بڕیاریدا گەڕەکی ناسراو بە (لیوا رەشەکە) لە کەلار کە مەترسی روخانی لەسەرەو هەندێ لە خانوەکانی داڕوخاوە، خانوەکانیان چۆڵ بکەن و بە وەرگرتنی پارچە زەوییەک لە سنوری شارەوانی کەلار قەرەبو بکرێنەوە.

بۆ ئەو مەبەستە بڕیاریشدرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هونەری لە شارەوانی کەلار بۆ گرتنەبەری ڕێکارەکان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×