تۆڕی باڵیۆزانی پێشێلكارییەكانی دەنگدانی گشتی خستەڕو
  2021-10-10       346       

تۆڕی باڵیۆزانی ئازادی، تێبینییەكانی خۆی لەبارەی پێشێلكارییەكان لە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوكردەوەو دەڵێت، لە تەواوی ئەو وێستگانەی چاودێرییان كردون لەكاركەوتنی ئامێرەكانی دەنگدان هەبوە.

ئاوێنە: تۆڕی باڵیۆزانی ئازادی، لە راپۆرتێكدا تێبینییەكانی خۆی لەبارەی پێشێلكارییەكان لە دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوكردەوە.

بەپێی راپۆرتەكە لەسەرجەم وێستگەكانی كە چاودێرییان كردون، لە كاركەوتنی ئامێرەكانی دەنگدان هەبوە، هەندێكیان بۆ ماوەی 10 خولەك و هەندێكی دیكەیان تاوەكو دو سەعات لەكاركەوتون.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە ئەو كەسانەی كارتی بایۆمەترییان وەرنەگرتۆتەوە نەیانتوانیوە بە كارتە كۆنەكانیان دەنگ بدەن، ئەوانەش ژمارەیان زۆر بوەو بێبەشكراون لە دەنگدان.

ئاماژەی بەوەشداوە كە هەوڵدان هەبوە بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر دەنگدەران بەمەبەستی گۆڕینی بۆچونییان بۆ دەنگدان بە كاندیدێكی دیاریكراو.

ئەوەشی وتوە كە ناڕێكخراویی هەبوە لە لاینەكانی دەنگدان لە هەندێك ناوچە لەگەڵ دروستبونی دەمەقاڵێ و لێدان لە هەندێك لە دەنگدەران لە هەندێك لە ناوچەكان.

هەروەك هێمای بۆ ئەوەش كردوە، چەند حاڵەتێكی هەوڵدان بۆ تەزویر هەبوە لە هەندێك لە وێستگەكان لە بەشێك لە پارێزگاكان.

بەپێی راپۆرتەكە خراپی مامەڵەكردن لەگەڵ چاودێرانی تۆڕەكانی رێكخراوە مەدەنییەكان هەبوە لە هەندێك لە بنكەو وێستگەكان.

هەروەك بەپێی قسەی تۆڕەكە، یەكێكی دیكە لە كێشەكان نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری كاندیدەكان بوە لەلایەن ئامێرەكانەوە.

كێشەیەكی دیكە بەردەوامی لاوازیی و كەمی شارەزایی كارمەندانی كۆمسیۆن بوە، ئەوەش بەقسەی تۆڕەكە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×