بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت
  2021-10-13       598       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی كردەوە كە حزبەكەی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریكی راستەقینەی خۆی دەزانێت. وتیشی: لەژیانی سیاسیدا حزب بەزۆر ھەورازو نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرەو پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەو سەردانەدا کە ھەریەک لە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی، شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی هەرێم، دکتۆر سۆران جەمال تاھیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سالار سەرحەد، ئەندامی سەرکردایەتی  یاوەرییان دەکرد لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و ژمارەیەک ھەڵسوڕاو پێشوازیکران.

لەدانیشتنێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و  پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و خۆئامادەکردن بۆ ئەگەر و پێشھاتەکان.

بەپێی راگەیەندراوەكە،بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا رونیکردەوە "یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت و وەک ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەمانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕین و داکۆکی لەمافەکانی گەلەکەمان بکەین."

هاوسەرۆكی یەكێتی وتیشی "دەمانەوێت پێکەوە پرۆژەی نوێمان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کاربکەین بۆ کوردستانەکەمان."

ئەوەشی خستەڕو"ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتە ئەستۆ ‌و بە یەكریزی هاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد دەتوانین خۆشگوزەرانی زیاتر و ئارامی دابینبکەین."

بافڵ تاڵەبانی ئەوەشی وت"لەژیانی سیاسیدا حیزب بەزۆر ھەورازو نشێودا دەڕوات بەڵام گرنگ ئەوەیە یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرەو پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێن و خەونی کاک نەوشیراون و سەرۆک مام جەلال جێبەجێبکەین بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و  پرۆژەی ھاوبەشیشمان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئیدارەدان، بەڕێوەبردن، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، گلەیی و رەخنەکانی کۆمەڵانی خەڵکیش بەھەند وەربگرین و بیکەینە دەستمایەی سەرکەوتنی داھاتومان."

ھاوسەرۆکی یەكێتی دوپاتیشکردەوە "لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×