لە هەولێر كەسێك بەدەستڕێژی گوللـە كوژرا
  2021-10-14       603       

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە نزیك پردەی سەیداوە لەناو سەنتەری شاری هەولێر، كەسێك بە دەستڕێژی گوللـە كوژرا، پۆلیس دەڵێت، لە ئێستادا تۆمەتباری روداوەكە دەستگیركراوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە راگەیەندراوێكدا وتی"ئەمڕۆ کاتژمێر (٦)ی ئێوارە لە شەقامی (٣٠) مەتری نزیک پردی سەیداوە، روداوێکی تەقەکردن رودەدات و لە ئەنجامدا کە سێک بەناوی (سەرهەنگ ساڵح پاشا، تەمەن ٦٩ ساڵ) سێ گوللـەی بەردەکەوێت و گیان لەدەست دەدات و تۆمەتباریش لە شوێنی روداوەكە رادەکات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"دەستبەجێ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چونە شوێنی مەبەست بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە روداوەکەو توانرا ناسنامەی تۆمەتبار دەستنیشان بکرێت بەناوی (ن. س. ح. تەمەن ٦٧ ساڵ)."

پۆلیسی هەولێر جەختی كردۆتەوە كە لە ئێستادا تۆمەتبارەكە دەستگیرکراوە.

سەبارەت بە هۆكاری روداوەكەش، پۆلیس وتویەتی"هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی کۆن لەنێوان تۆمەتبار و کوژراودا."

وتوشیەتی"بۆ ئەم مەبەستە پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە و بۆئەوەی ڕادەستی دادگا بکرێت ڕێڕەوی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبار بگیرێتە بەر."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×