بەختیار شاوەیس: گرنگترین شت بۆ کورد لەم قۆناغەدا یەک دەنگ و یەک ڕیز بێت
  2021-10-21       367       
ئەندامێکی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ''کورد پێویستە چاوەڕێی دۆخەکە بکات و بەهیچ جۆرێک خۆی یەکلایی نەکاتەوە بۆ ئەو بەرانەی دروستبوون ئێستا لە عێراقدا، چونکە هەر کام لەو بەرانەی لە ئێستادا لە عێراقدا دروست بوون خاڵی لاواز و بەهێزی خۆیان هەیە.''

ئاوێنە: بەختیار شاوەیس ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، ''پێویستە کورد چاوەڕێی دۆخەکە بکات و بەهیچ جۆرێک خۆی یەکلایی نەکاتەوە بۆ ئەو بەرانەی دروستبوون ئێستا لە عێراقدا. دەشڵێت، گرنگترین شت بۆ کورد لەم قۆناغەدا ئەوەیە کە یەک دەنگ و یەک ڕیز بێت لە ناوخۆیدا، بەتایبەت ئەو پەرلەمانتارانەی دەچنە بەغداد یەک دەنگ بن لە مەسەلە چارەنوسسازەکاندا، جگە لەوەی لەو لایەنەوە نزیک بێت کە مافە دەستورییەکان و ماددەی 140، جێ بەجێ بکات، دەبێت کورد چاوەڕێ بێت، چونکە ئێستا کێشەکە لەنێو ماڵی شیعەیە نەک کورد، دەبێت نەبێتە لایەنگری هیچ کام لەو بەرانە.''

باسیلەوەشکردووە، ''کورد ناکرێت سیناریۆی جارەکانی تر لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو لایەنەی حکومەت پێکدەهێنێت دووبارە بکاتەوە چونکە ئیتر لە تەحەمولدا نەماوە، دەتوانرێت کاتێک دابنرێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد لەگەڵ ئەو لایەنەی لە داهاتوودا حکومەت پێکدەهێنێت.''

بەختیار شاوەیس ئەوەشیخستۆتەڕوو، عێراق لەسەر سێ پێکهاتەی سەرەکی پێکهاتووە، (شیعە، سوننە، هەروەها کورد) پێکهێنانی حکومەت بێ یەکێک لەو سێ پێکهاتەیە پشێوی دروست دەکات، هەروەک لە 2005 بینیمان بێ سوننە عێراق پێکهات، بەڵام دواتر دۆخی ئەمنی عێراق تێکچوو جگە لە تەقینەوەکان چەندین گروپی تیرۆریستی دروستبوو بە گروپی داعشیشەوە، بۆیە ئێستاش دۆخی نێوخۆیی عێراق و هەرێمی و تەنانەت ئەمەریکاش ڕێگا نادەن کە حکومەتی نوێی عێراق بێ کورد پێکبهێنرێت.''

بەختیار شاوەیس بەدووری دەزانێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەڵبوەشێتەوە و دەشڵێت، دادگای فیدراڵی ئەو ئەنجامانە پەسەند دەکات بۆیە ئەو بەرەیەش دێنە ژێر ئەمری واقیع بەڵام دوور نیە لە داهاتوودا کێشە بۆ حکومەتی عێراقی دروست بکەن لە ڕێگای خۆپیشاندانی جەماوەری یا پێکدادانی جەماوەری، بەتایبەت کە ئەم بەرەیە لە ئێرانەوە نزیکن.''
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×