ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی: هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق لە هەڵبژاردنەكانی پێشو باشتربو
  2021-10-23       334       

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پیرۆزبایی لە گەل و حكومەتی عێراق دەكات بەبۆنەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و دەشڵێت: هەڵبژاردنەكەی ئەمجارە لەچاو هەڵبژاردنەكانی پێشو، بەشێوەیەكی باش بەڕێوەچوە.

ئاوێنە: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە، ئەندامانی ئەنجومەنی پیرۆزبایی لە گەل و حكومەتی عێراق دەكەن بەبۆنەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئەم دواییە كە لە 10ی تشرینی یەكەم بەڕێوەچو.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشداوە، پێشوازی لە راپۆرتە بەراییەكان دەكەن كە ئاماژەن بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەكە بەشێوەیەكی باش و جیاواز لە سەرجەم هەڵبژاردنەكانی پێشو بەهۆی ئەو چاكسازییە تەكنیكی و رێكارە گرنگانەی كە گیرانەبەر.

هەروەها جەختیشی كردۆتەوە كە هەر ناكۆكییەك لەسەر هەڵبژاردنەكە بێتە ئاراوە، دەبێت بەشێوەیەكی ئاشتیانەو لە رێگە یاساییەكانەوە چارەسەر بكرێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشداوە كە چاویان لەوەیە دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، حكومەتێك گشتگیر كە نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی عێراق و داخوازییەكانی بكات، بەشێوەیەكی ئاشتیانە پێكبهێنرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×