حزبوڵای عێراق وەڵامی ئەنجومەنی ئاسایش دەداتەوە
  2021-10-24       502       

بەرپرسێكی باڵای حزبوڵای عێراق بە هەڕەشەوە پشتگیرییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق ڕەتدەكاتەوە، دەڵێت، “قوربانییەكەی هەرچییەك بێت بێدەنگ نابین”.

ئاوێنە: ئەبو عەلی عەسکەری وتەبێژی سەربازیی حزبوڵای عێراق بە تویتێك وەڵامی پشتگیرییەكەی ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەداتەوە، كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراقی پەسەندكرد، تویتەكە بە زمانی هەڕەشەوە نووسراوە و وشەكانی وەك “شمشێر” و “دەستبڕین”ی تیادا بەكارهاتووە.

بەرپرسەكەی حزبوڵا لە تویتەكەیدا چوار خاڵی نووسیوە، لە خاڵی یەكەمدا، پێی وایە ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی “ناوبانگ خراپ” و پشتگیریكردنی لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دووپاتكردنەوەی قسەكانی ئەوانە بەوەی “هەڵبژاردن پیلانێکی نێودەوڵەتی بوو و چەند لایەنێکی ناوخۆیی بەشداربوون تیایدا”.

لە خاڵی دووەمیشدا هەڕەشەی ئەوە دەكات كە “لەو تاوانە مێژووییە بێدەنگ نابن قوربانییەکانی هەرچییەک بن”، خاڵی سێیەمیش پەیوەستە بە داواكردنی فراوانتركردنی ناڕەزایەتییەكان دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.

وتەبێژی سەربازیی حزبوڵای عێراق لە خاڵی چوارەمیشدا هەڕەشە دەكات بەوەی “کەتیبەکانی حزبوڵا وەك قەڵغانێک بۆ ڕۆڵەکانی عێراق دەمێنێتەوە و ڕێگە نادات زیانیان پێبگات، لەلایەن هەر لایەکەوە بێت”، دەشڵێت لە ئامادەباشیی تەواودا دەبن و لە نزیكەوە چاودێری دەكەن، “لەدەستێكیاندا گوڵ و لەدەستەكەی تریاندا شمشێرێك هەیە و دەستی هەموو ئەو كەسانە دەبڕێتەوە كە یاری بە ئاسایش و سەلامەتیی وڵات بکەن”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×