مەسرور بارزانی: بەداخەوە تا ئێستاش ڕێگری لەپڕچەککردنی پێشمەرگە دەکرێت
  2021-12-03       1066       
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، ماوەیەکە داوایانکردووە پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت، بەداخەوە تا ئێستاش ڕێگری لەپڕچەککردنی پێشمەرگەو دابینکردنی ئەو پێداویستیانە دەکرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ هەینی، مەسرور بارزانی سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەمیحوەری مەخمور بەسەر کردەوەو لەگەڵ فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆبوەوەو وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندەکانی ڕاسپارد کە هەرچی پێویستە بکرێت بۆ بەرگریکردن لەو ناوچانەو پاراستنی خەڵکەکە لەهێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش. 

دواتر سەرۆکی حکومەت لەلێدوانێکدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، وێڕای سەرەخۆشیکردن لەبنەماڵەو کەسوکاری شەهیدان ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهێزتر بکرێت و هەنگاوەکانی خێراتر بکرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرش و کارەساتانە بگرین. 

سەرۆکی حکومەت دوپاتیکردەوە کە پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لەبەرگریکردن لەهەموو خاکی کوردستان. وتیشی، "هیوادارم هێزەکانی عێراقییش بەشێوەیەکی توندتر بێنە پێشەوەو هەنگاوەکانی هەماهەنگییەکەیان خێراتر بکەن."

مەسرور بارزانی وتیشی‌، "ماوەیەکە داوامانکردووە پێداویستییەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش ڕێگری لەپڕچەککردنی پێشمەرگەو دابینکردنی ئەو پێداویستیانە دەکرێت کە بۆ پێشمەرگە پێویستە بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی تیرۆریستانی داعش ببنەوە، بۆیە جارێکی دیکە داوا لەهێزەکانی هاوپەیمانان و حکومەتی فیدرالی و سەرۆک وەزیران دەکەم، بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خۆیان و ئەو سنوورانە."

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی لەدەستیان بێت دەیکەن، "هەروەک لەپەیامی جەنابی سەرۆکیشدا بەڕوونی دیارە کە فەرمووی پێویستە سەردانی ئەو ناوچانە بکرێت و ئەو کەمتەرخەمیانەی هەیە یان ئەو شوێنانەی پێوستە، توندتر بکرێن. ئێمە هەنگاوەکانی خۆمان خێرا دەکەین و چاوەڕێیی هیچ شتێک ناکەین. من وەزارەتی پێشمەرگەش ڕادەسپێرم بۆ ئەوەی هەموو پێداویستییەک بۆ پێشمەرگە دابین بکەن و وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرچی پێویستە بۆ بەهێزکردنی ئەم سنوورانە درێغی ناکەین و بۆیان دابین دەکەین."

بارزانی‌ جەختی لەوەش کردەوە کە تا ئێستا هەماهەنگیی وەک پێویست نەبووە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، هەرچەندە هەندێک هەنگاو هاوێژراوە بۆ دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی، بەڵام تاکو ئێستا وەکو پێویست، هەنگاوی کرداری نەنراوە، "بەڵام ئێمە چاوەڕێ ناکەین، چونکە سەلامەتی و پاراستنی خاک و نەتەوەی ئێمە، لە سەرووی هەموو شتێکە و ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین."

شەوی ڕابردو داعش پەلاماری گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغی داو له‌ئه‌نجامدا 13 پێشمه‌رگه‌و هاوڵاتی‌ شه‌هید بون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×