بلاسخارت پلانی سەدری بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە پەسەند نەکردوە
  2021-12-08       397       

نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەعێراق بەمەبەستی باسکردن لەئەنجامەکانی هەڵبژاردن‌و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق لەشاری نەجەف سەردانی موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدری کرد، زانیارییە دزەپێکراوەکانی ناو کۆبونەوەکە باس لەوەدەکەن، بلاسخارت پلانی سەدری بۆ پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە پەسەند نەکردوە.

ئاوێنه‌: هەرچەندە لەدوای تەوابونی کۆبونەوەکەی نێوان سەدرو جێنین بلاسخارت، نوسینگەی موقتەدا سەدر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تێیدا باسی لەوەکرد، هەردولا باسیان لەپێویستی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەبێ دواکەوتن لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە کردوەو دواخستنیشیان بەنەگونجاو زانیوە.

هەروەک ئاماژەبەوەکراوە، بلاسخارت ڕایگەیاندوە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبردنێکی باش‌و سەرکەوتوانەی بۆ هەڵبژاردنەکە لەڕوی هونەرییەوە هەبوە.

بەڵام جگە لەو لێدوانانە، بەشێک لەمیدیا عێراقییەکان بڵاویانکردۆتەوە کە زانیارییە دەزەپێکراوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بلاسخارت لەکۆبونەوەکەدا داوای لەموقتەدا سەدر کردوە دەستبەرداری بیرۆکەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە لەلایەن ڕەوتەکەیەوە بێت، بەڵکو نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەگەڵ حکومەتی تەوافوقی‌و بەشداریکردنی سەرجەم لایەنەکان بەپێی سەنگ‌و قورسایی پەڕلەمانیان بوە لەحکومەتی داهاتوو.

باس لەوەشکراوە، ئەگەربێت‌و موقتەدا سەدر پێشنیازی بلاسخارت بۆ پێکهێنانی حکومەتی سازانی نیشتیمانیی قبوڵ بکات‌و دەستبەرداری حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیی ببێت، ئەوە عێراق لەبازنەی قەیرانێکی قوڵ دێتە دەرەوەو پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو نزیکدەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×