لێدوانی نوێ لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار بۆ ١٢٠ هەزار
  2021-12-14       1425       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە لەلایەن بەغداوە وەک هاوکارییە و پەیوەندی بە یاسای بودجەوە نییە، دەشڵێت، کوتلەی سەدرییەکان "دەتوانن نرخی ١٠٠ دۆلار بکەنەوە بە ١٢٠ هەزار دینار بەڵام بە دووری دەزانم بیکەن."

ئاوێنە: جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "ئەم مانگە ٢٠٠ ملیارەکە دێت و هیچ گرفتێک نییە، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە سێ مانگی داهاتووە تا پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کە پڕۆژەیاسای بودجە ببرێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت."

جەمال کۆچەر راشیگەیاندووە، "٢٠٠ ملیار دینارەکە بودجە نییە، بەڵکو تەواوکاری موچەی فەرمانبەرانە و هاوکارییە، هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە هەرێم پابەند دەبێت بە یاسای بودجەوە یاخود نا."

ئەوەش لەكاتێكدایە، داهاتى نەوتى فرۆشراوی هەرێم بە بۆرى زیاتر لە ترلیۆنێک و ٢٠٠ ملیار دینارە و كۆى داهاتى ناوخۆش زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینارە لەگەڵ هاوكارى مانگانەى هاوپەیمانان كە ٢٨ ملیار دینارە، بەڵام حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنى موچە چاوى لە ٢٠٠ میارەكەى بەغدایە.

باسی لەوەشکردووە، "لەو بڕوایەدام ساڵی داهاتوو دۆخی ئابوری عێراق زۆر باشتر دەبێت چونکە ئێستا نرخی نەوت بەرزتر بووەتەوە و ئێستا جموجۆڵی ئابوری و وەبەرهێنان هەیە، جگە لەوەی هۆشیاریی شەقام بووەتە فشار لەسەر لایەنە سیاسیەکان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی."

لەبارەی دابەزینی نرخی دۆلاریشەوە دەڵێت، کوتلەی سەدرییەکان کە خاوەنی زۆرترین کورسین لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا "دەتوانن نرخی ١٠٠ دۆلار بکەنەوە بە ١٢٠ هەزار دینار بەڵام بە دووری دەزانم بیکەن."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "چەند خاڵێک هەیە کە رێگە نادرێت نرخی دۆلار بگەڕێتەوە پێشتر، لەسەروو هەموویان نرخی نەوتە، ئەگەر سەدرییەکان حکومەت پێکبهێنن و بیانەوێت نرخی دۆلار بکەنەوە بە ١٢٠ هەزار دینار ئەوا دەبێت رووبکرێتە کورتهێنان، کە حکومەتەکەیان بەمە بارگران دەبێت یا دەبێت ٢٣ ترلیۆن دینار قەرز بکەن کە ئەمە لە کوێ دەهێنن؟"

ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق گۆڕانکاری کرد لە بڕ و نرخی فرۆشتنی دۆلاردا و نرخی خستنەڕوی لە ١١٨ ھەزار دینارەوە بەرزکردەوە بۆ ١٤٥ ھەزار دینار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×