ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ مالیکی: سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ڕابردوو
  2021-12-22       455       

ئەمڕۆ لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای چوارچێوەی ھەماھەنگی بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی کرد.  
  
ئاوێنه‌: بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، "دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئۆکتۆبەری رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دوا پێشھاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تاوتوێ کران."  

ھەر لەو دیدارەدا "رۆشنایی خرایە سەر پێویستی پێداچوونەوە بە حوکمڕانیی عێراق و، سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی رابردوو و ڕەچاوکردنی پڕەنسیپەکانی شەراکەت و سازان و ھاوسەنگی لە پڕۆسەی حوکمڕانیدا."  

لە بەشێکی تری ئەو کۆبوونەوەیەدا "بیروڕا لە بارەی تەحەدیاتی بەردەم ئایندەی عێراق و بابەتی خزمەتگوزاری و ھەڕەشەی تیرۆر و کێشەی ژینگە و کەمئاوی و داواکاریی ھاوڵاتیان ئاڵوگۆڕ کران و جەخت لەسەر بەردەوامبوونی ھەوڵەکان بۆ لەیەکتر نزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان و ئیستحقاقی پێکھاتەکان کرایەوە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قۆناغی داھاتوو و تێپەڕاندنی تەحەددیاتی بەردەم پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق."  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×