"ئەمساڵ نزیكه‌ی‌ دو ملیۆن گەشتیار سه‌ردانی‌ پارێزگای هەولێریان كردووه‌"
  2021-12-24       485       

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ڕایگه‌یاند، ئەمساڵ نزیكه‌ی‌ دو ملیۆن گەشتیار سه‌ردانی‌ پارێزگای هەولێریان كردووه‌و ڕێژەكه‌ لەهەردو ساڵانی پێش خۆی پێكەوە زیاترەو چاوەڕێ دەكرێت لەساڵی داهاتودا ڕێژەكە زیاتر بەرز ببێتەوە.

ئاوێنه‌: ئیسماعیل مینەخان، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ڕایگەیاندووه‌، "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا 23ی ئەم مانگە، ژمارەی گەشتیاران گەیشتووەتە ملیۆنێک‌و 971 هەزارو 522 گەشتیارو چاوەڕێ دەكەین بەهۆی پشوی سەری ساڵەوە، دو ملیۆنیش تێپەڕێنێت."

ئەوەشی خستۆته‌ڕو، ئەو ئامارە لەڕێگەی بازگە سنورەییەكانی پایتەخت‌و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەشێوەیەكی وردو زانستی تۆمار دەكرێن.

بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، ڕێژەی گەشتیار لەتەواوی هەردو ساڵانی 2019 و 2020 گەیشتە یەک ملیۆن و 860 هەزار و 236 گەشتیار، بەڵام لەساڵی 2021 كە پەتاكە هێواشتر بوو جارێكی دیكە ژیان بەرەو ئاسایی ڕۆیشتەوە، بەشێوەیەكی بەرچاو ژمارەی گەشتیارانیش زیادی كرد.

بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ده‌ڵێت، "لەچوارچێوەی پلانەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا بۆ بایەخدانی زیاتر بەكەرتی گەشتیاری و پلانەكانی ئێمە بۆ گەشتیارانی پایتەختی هەرێمی كوردستان دامانناوە، چاوەڕێ دەكەین لە ساڵی داهاتوودا ژمارەی گەشتیاران زیاتریش هەڵبكشێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×