2022-01-10   571     
چوارچێوەی ههماهەنگی، دان بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەیدا نانێت و دەڵێت، وەڵامی تاکڕەوی و نابەرپرسیارییانە لە بڕیاری سیاسی دەدەنەوە و رێگری دەکەن وڵات بە ئاراستەیەکی نادیار ببردرێت.
ئاوێنە: لە راگەیهندراوێکدا چوارچێوەی ههماهەنگی رایگهیاند: "لە هەفتەکانی رابردوودا ئاگاداری هەموو هەوڵە دڵسۆزەکان بووین لە پێناو رێگریکردن لە بەریەککەوتنی سیاسی، قووڵکردنەوەی قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە ئەنجامی یاریکردنە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".
ئاماژە بەوەشدەکات کە، هەوڵی جیدیان داوە بۆ رێگریکردن لە خراپبوونی دۆخەکە و دەشڵێت: "ئەو سەنگەربەندییەی کە له پهرلهمان بینیمان، هۆشداری دەدات لەبارەی دۆخێکی زۆر مەترسیدار. سەرکۆنەی ئەوە دەکەین کە لە پەرلەمان روویدا لە پەلاماردانی سەرۆکی بەمەتنترینی پەرلەمان و نانەوەی پشێوی لە دانیشتنەکەدا، ئەوەش وایکرد سەرۆکی بەتەمەنترین داوای هەڵپەساردنی دانیشتنەکە بکات بۆ وردبینیکردنی یاسایی لەو تانەی کە لەبارەی یاسایینەبوونی رێکارەکانی كاندیدكردن پێشکێشکرا، بەڵام هێرشکردنە سەری وایکرد توانای خۆڕاگیری نەمێنێت و گوێزرایەوە نەخۆشخانە؛ بە داخێکی زۆرەوە هەندێک لە فراکسیۆنەکان بێ هیچ پشتوانییەکی یاسایی بەردەوام بوون لە رێکارەکانی دانیشتنەکە".
چوارچێوەی ههماهەنگی دەڵێت: "ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەخەینە ئەستۆی ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە پشت ئەم دۆخەوەن، لەگەڵ هەموو لێکەوتەکانی ئەم تاکڕەوی و بەکارهێنانی تووندتیژی و پشێوییە بۆ سەپاندنی ویست".
لە بەشێکی دیکەی راگەیهندراوەکەدا هاتووە، بەپێی رێکارە دەستوورییەکان، گەورەترین فراکسیۆنیان لە رووی ژمارە تۆمارکردووە و ئاماژە بەوەش دەکات، وەڵامی ئەو تاکڕەویی و نابەرپرسیارییانە لە بڕیاری سیاسی دەدەنەوە و رێگری دەکەن وڵات بەرەو نادیار ببرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکەن، دان نانێن بە ئەنجامی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی، بەوپێیەی بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی بەتەمەن کراوە، کە تائێستا ئامادەیە ئەرکەکانی خۆی رایی بکات.