ڕۆژنامهیهكى ئهمریكى سێ كێشهو ئاڵنگاریی گهورهى بهردهم موقتهدا سهدر ئاشكرادهكاتو ڕایدهگهیهنێت، "ئهگهر سهدر ببێته ئۆپۆزسیۆن، ئهوا دهبێته گهورهترین بهرهى ئۆپۆزسیۆن لهدواى ساڵى 2003وه".
ئاوێنە: ڕۆژنامەی "ناشیۆناڵ ئینترێست"ی ئەمریکی ڕاپۆرتێکی لەژێر ناونیشانی "هەنگاوی داهاتوی سەدر لەعێراق" بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی لەوەکردوە، هەرچەندە ڕوداوەکانی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران سەرکەوتنێکی ڕەمزی بۆ سەدر لەبەرامبەر هێزەکانی ناو "چوارچێوەی هەماهەنگیی" دەستەبەرکرد، بەوەی توانی محەمەد حەلبوسی بۆ دوەمجار لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی پەڕلەمان دابنێتەوە، بەڵام هێشتا سەدر بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو چەند ئاڵنگارییەکی گەورەی لەبەردەمدایە.
ڕۆژنامەکە لەڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، "موقتەدا سەدر لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانیدا ڕوبەڕوی سێ ئاڵنگاریی سەرەکیی دەبێتەوە کە یەکەمیان بریتییە لەوەی سەدر دەبێت هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە کوردییو سوننییەکاندا بەهێز بکات کە هێشتا لەپێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ یەک لایەنی شیعییدا دڵنیانین، هەرچی ئاڵنگاریی دوەمە ئەوەیە کە ئەگەرهاتو سەدر لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینەشدا سەرکەوتوو بوو، ئەوە لەدواتردا دەرگا لەسەر دابەشبونی لایەنە سیاسییە شیعییەکانو سەرهەڵدانی ململانێی چەکداریی کراوە لەعێراقدا دەکاتەوە".
هەرچی ئاڵنگاریی سێیەمە بەپێی ڕاپۆرتی ناشیۆناڵ ئینترێست ئەوەیە، ئەگەر سەدر بەرەو ئۆپۆزسیۆن بونی سیاسیی بڕوات کە بەدڵنیاییهوه لەدوای ساڵی 2003وە گەورەترین بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەبێت، بەڵام ئەمە لەسەر ئاستی شەقامدا لێکەوتەی فراوانی لەسەر وێنەی سەدرو ڕاستگۆییەکەی دەبێت، بەتایبەت کە بەهۆی ململانێ کەسییەکانی لەگەڵ مالیکیدا ئامادەبوە دەستبەرداری دەنگی دەنگدەرانی بێت.
لەکۆتاییدا ڕۆژنامەکە دەڵێت:"زاڵێتیی میلیشیا چەکدارییەکانی سەر بەهێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی لەسەر حکومەتی داهاتوو، بواری ئەوەیان پێدەدات لەدەرەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق درێژە بەکارکردنی خۆیان بدەن بێئەوەی گوشاری حکومەتیان بکەوێتەسەرو ترسی ئەوەی هەبێت حکومەت هەوڵی چەکداماڵینیان بدات، ئەمەش وادەکات شەقامی عێراقییو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەموقتەدا سەدر بێئومێدبن".