نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی ده‌وڵه‌تی یاسا: مالیكی نامه‌ی بۆ بارزانی نه‌ناردوه‌
  2022-01-19       889       

به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی نوری مالیكی، سه‌رۆكی ئیئتلافی ده‌وڵه‌تی یاسا ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ مالیكی هیچ نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ناردبێت.

ئاوێنە: هیشام روكابی، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی نوری مالیكی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك هه‌واڵی ئه‌و میدیایانه‌ی ره‌تكردوه‌ته‌وه‌، "هه‌ڵوێسته‌كانی نوری مالیكی بۆ هه‌مووان روونه‌ و ئه‌وه‌ی نوری مالیكی بیڵێت له‌ كه‌ناڵه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌"، روكابی وای نوسیوه‌.

ڕۆژی سێشەممە 18ی کانونی دووەمی 2022، ئاژانسی هەواڵی عێراق له‌زاری سه‌رچاوه‌یه‌ك بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ نوری مالیکی نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كردوه‌ و تیایدا نیگه‌رنیی ده‌ربڕیوه‌ و به‌ بارزانیی وتوه‌ كه‌ "پابەند نەبووە به‌و قسانەی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کردوویانە."

نوری مالیکی لەنامەکە باسی لەوەش کردووە، "هەڵوێستەکانی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌ و رێککەوتن لەگەڵ سەدرو سوننەکان بۆ ئەوان چاوەڕواننەکراو بووە، چونکە پێیانوابووە بارزانی خاوەنی بەڵێنی خۆی دەبێت."

ئەمەش لەکاتێکدایە، ناوەڕاستی مانگی 12ی رابردوو، نوری مالیکی بەسەرۆکایەتی شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەولێری کردو لەگەڵ مەسعود بارزانی کۆبووەوە، کە لەکۆبوونەوەکە مالیکی داوای کردبوو، لایەنە کوردییەکان نەبنە بەشێک لەزیادکردنی کێشەکانی ناو ماڵی شیعەکان لەعێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×