چوارچێوەی هەماهەنگی هەڵوێستێکی لە دژی هۆشیار زێباری ڕاگەیاند
  2022-01-28       1420       


وتەبێژی هاوپەمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، لە ئەگەری ڕێککنەکەوتنی کورد لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ئەگەری بایکۆتکردنی دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەیە.  

بەهادین نوری، وتەبێژی دەوڵەتی یاسای سەربە نوری مالیکی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا (پێنجشەممە 27-1-2022) ڕایگەیاند، "بایکۆتکردنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتی و چەند لایەنێکی دیکەوە ئەگەرێکی کراوەیە، بەتایبەت سەبارەت بە دەنگدان بە هۆشیار زێباریی کاندیدی پارتی."   

ناوباراو بە ئاماژەدان بەوەی، دەنگدان بە پۆستی سەرۆک کۆمار پێویستی بە 220 ئەندامی پەرلەمان هەیە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە بایکۆتکردنی دانیشتنەکە لەلایەن یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی یەکێکە لە ئەگەرەکان.   

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەگەری ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی دەکرێت پێچەوانەی ئەوە ڕووبدات."   

وتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا باسی لەوەشکردووە، "تا دوایین ساتەکان ئەگەری ڕێککەوتن هەیە و زۆرجار پێش دەستپێکردنی دانیشتنەکان و لە کافتریای پەرلەمان هەموو شتێک دەگۆڕێت."   

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×