کوەیت سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی‌ بۆ عێراق راده‌گیرێت
  2022-01-29       430       

دوای‌ بۆردومانكردنی‌ بنكه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا به‌شه‌ش موشه‌ك، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی کوەیت سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی‌ بۆ عێراق راگرت.

ئاوێنه‌: دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی کوەیت ئەمڕۆ شەممە لەراگەیەنراوێکدا ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ بەهۆی دۆخی ناجێگیری عێراق، بڕیاردراوە بەشێوەیەکی کاتی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئەو وڵاتە رابگیرێن.

راشیگه‌یاندووه‌، هاوڵاتیان‌و گەشتیاران لەدواین گۆڕانکاری‌و بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان ئاگادار دەکەنەوە.

به‌ره‌به‌یانی دوێنێ هه‌ینی، بنكه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا به‌شه‌ش موشه‌ك كرایه‌ ئامانج كه‌ زیانی مادیی گه‌وره‌ی لێكه‌وته‌وه‌، موشه‌كه‌كان له‌نزیك ڕێڕه‌وی فڕۆكه‌خانه‌كه‌و له‌نزیك بینای مه‌ده‌نی هاوڵاتیان كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌و زیانی به‌چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی مه‌ده‌نی گه‌یاند.

لەبارەی‌ بۆردومانەکە سەرچاوەیەکی‌ ئەمنی‌ عێراقی‌ بەمیدیاکانی‌ راگەیاند، "بەشەش موشەك بۆردومانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا كراوە، هاوكات لەگەڵ بۆردومانەكەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، فڕۆكەیەكی بێ‌ فڕۆكەوان به‌نیاز بووه‌ بنكەی ئاسمانی ڤیكتۆریای‌ هێزەكانی ئەمریكا بەئامانج بگرێت، بەڵام فڕۆكەكە لەلایەن سیستەمی تایبەتی بنكەكە خراوەتە خوارەوە.

دوای‌ بۆردومانه‌كه‌ش، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشەکەوه‌ بڵاوکردەوەو ڕایگه‌یاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا روبەڕوی هێرشێکی ترسنۆکانەی تیرۆریستی بووەوە کە سوربونی تاوانبارانی‌ لەلێدانی ئاسایشی گەلی عێراق‌و خستنە مەترسیی بەرژەوەندییەکانی دوپاتکردەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×