جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دهكات كه ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار خۆیان کاندید کردووە گەیشتووەتە ٤٥ کەس. ناوبراو دهڵێت، دوای تەواوبونی ڕێکارەکان لەلایەن پەرلەمانەوە ڕۆژی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاری دەکرێت.
ئاوێنه: شاخەوان عەبدوڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەماڵپەڕی پارتی ڕاگەیاندووه، "ڕێکارەکانی دیاریکردنی سەرۆککۆماری عێراق بە گوێرەی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بەڕێوە دەچن و دوای کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن، سیڤیی ئەو کەسانەی خۆیان کاندید کردووە، وەرگیراون و ژمارەی ئەو کەسانەی کاندیدن زیاد بووە و گەیشتووەتە ٤٥ کەس.''
وتیشی، "سیڤیی کاندیدانی سەرۆک کۆمار پێشکەشی لایەنە پەیوەندارەکان کراوە و دوای دەرچوونی سیڤییەکان ناوی کاندیدانی سەرۆک کۆمار ئاشکرا دەکرێن.''
شاخەوان عەبدوڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووه، "پەرلەمانی عێراق دوای ئاشکراکردنی ناوەکان ڕۆژی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دیار دەکات و تێیدا پڕۆسەی دیاریکردنی سەرۆک کۆمار بەپێی یاسا و دەستوور بەڕێوەدەچێت''.