لە پارێزگایەکی عێراق بەهۆی خۆڵبارین باری نائاسایی رادەگەیەنرێت
  2022-04-08       374       


ئەمڕۆ هەینی لە ئەنجامی بەردەوامی شەپۆلی خۆڵبارین، هێزە ئەمنییەکانی سنوری پارێزگای دیالە بەهۆی مەترسی هێرشی داعش و سود وەرگرتنی لە ناجێگیری رەوشی کەشوهەوا، کەوتنە حاڵەتی ئامادە باشییەوە و بڕیارەکەش 13 ناوچەی پارێزگاکە دەگرێتەوە.

سادق حسێنی، وتەبێژی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە لەلێدوانێکدا باسی لەوەکردوە، لەماوەی چەند کاتژمێری داهاتودا زۆرینەی ناوچەکانی دیالە بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارین، ئاستی بینین کەم دەبێتەوە بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەلایەن حەشدی شەعبی پارێزگارییان لێدەکرێت، بۆیە بڕیاردراوە باری لەناکاو بە شێوەیەکی کاتی رابگەیەنرێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئامانجی بڕیارەکەش بۆ رێگەگرتنە لەجوڵەی چەکدارانی داعش و سود وەرگرتنیان لە ناجێگیری رەوشی کەشوهەوا بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانیان، بڕیارەکەش 13 ناوچەی دیالە دەگرێتەوە.

وتەبێژی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە دەڵێت، لەئێستادا لە هەمو بازگە و سەنگەرەکانی ژێر دەسەڵاتی  حەشدی شەعبی باری نائاسایی راگەیەنراوە و گۆڕینی بڕیارەکە بەگوێرەی باشتربونی کەشوهەوا دراوە بە فەرماندەی میحوەرەکان.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×