مەشعان جبوری: هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمان هەرکات بیەوێت دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە
  2022-04-08       340       


ئەگەری هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانی عێراق مشتومڕ لە نێوان هەردوو بەرەى هاوپەیمانیى رزگارکردنى نیشتمان و چوارچێوەى هەماهەنگى دروستدەکات. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش دەڵێت، "ئەگەر هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، براوەکانى ئێستا وەک خۆیان دەمێننەوە."
 
ئاوێنه‌: مەشعان جبورى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە هاوپەیمانیى سەروەریی سوننەکان کە بەشێکن لە هاوپەیمانیى رزگارکردنى نیشتمان لە ئەکاونتى تایبەتى خۆى لە تویتەر دەڵیت، "هاوپەیمانیى رزگارکردنى نیشتمان زۆرینەیەکى ئاسانى هەیە کە وایلێدەکات هەرکات ویستى بتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردن ئەنجامبدرێتەوە."
 
لە بەرامبەردا بەلیغ ئەبوگیلەل، ئەندام لە رەوتى حیکمە کە بەشێکن لە  هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک وەڵامى مەشعان جبووری داوەتەوە و دەڵێت، "هاوپەیمانیى رزگارکردنى نیشتمان ژمارەى پێویستى هەیە بۆ ئەوەى پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ویستی ئەو کارەی نییە."
 
هاوکات، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، "ئەگەر پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و جارێکى دیکە هەڵبژاردن بکرێتەوە، دەگەڕێینەوە هەمان سیناریۆى ئێستا کە رەوتى سەدر زۆرینەى کورسییەکان بەدەستدەهێنێت و پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ کورد و هاوپەیمانى تەقەدووم بۆ سوننەکان زۆرینە دەبن".

بە گوێرەى ماددەى 64ـی دەستوورى عێراق، دەکرێت پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە لەسەر بنەماى داواکارى سێیەکى ئەندامەکانى یان لەسەر داواکارى سەرۆک وەزیران بە رەزامەندى سەرۆک کۆمار، بە مەرجێک ئەو داواکارییە پاڵپشتی زۆرینە لە پەرلەمان بەدەستبهێنێت، کە دەکاتە  165 ئەندام لەکۆى 329 ئەندامەکەى پەرلەمان.    

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×