سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر پارێزگاری پێشوتری نەینەوادا سەپێنرا
  2022-04-09       615       

دەستەی نەزاهەی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند، دادگا بڕیاریدا بە سەپاندنی سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر هەریەكە لە پارێزگاری پێشوتری نەینەواو بەڕێوەبەری بەشی پڕۆژەكان لەو پارێزگایە، ئەوەش بەهۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی.

ئاوێنە: دەستەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردوە، دادگای تاوانەكانی نەینەوا، بڕیاریدا بە سزادانی پارێزگاری پێشوتری نەینەوا بەهۆی ئەوەی كە هەڵساوە بە خەرجكردنی چەند بڕێك پارە بۆ بنكە سەربازییەكانی حەشدی وەتەنی(زلێكان، دوبەردان، مەخمورو رەبیعە) بەپێچەوانەی رێكارو رێنماییەكانەوەو هەروەها بەدەر لە دەسەڵاتە داراییەكانی خۆی هەڵساوە بە خەرجكردنی پارە لە دەرەوەی مادەكانی یاسای بودجەی ساڵی 2015، ئەوەش وێڕای زیادكردنی نرخەكان كە هەمو ئەمانە بونەتە مایەی بەهەدەردانی بڕی زیاتر لە دو ملیارو 764 ملیۆن و 354 هەزار دینار لە سامانی گشتی.

هەروەك دەستەی نەزاهەی عێراق لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە كە دادگای ناوەندیی تاوانەكانی نەهێشتنی گەندەڵی بڕیاریدا بە سزادانی بەڕێوەبری بەشی پڕۆژەكان لە پارێزگای نەینەوا لەسەر بابەتی پاكتاونەكردنی سولفەی تایبەت بە دروستكردنی ژێرخانی كەمپەكانی ئاوارەكان لە پارێزگاكە، كە بڕی سلفەی وەرگیراو بۆ ئەو مەبەستە لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، پێنج ملیار دینار بوە.

دەستەی نەزاهەی عێراق ئاشكراشیكردوە بەهۆی بەڵگەی باوەڕپێكەر، هەردو دادگاكە بڕیاریاندا بە سەپاندنی سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەر هەریەكە لە پارێزگاری پێشوتری نەینەواو بەڕێوەبەری بەشی پڕۆژەكان لە پارێزگاكە بەبێ ئامادەبونی خۆیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×