پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی هەماهەنگی: گفتوگۆی لایەنەکان دەستپێدەکاتەوە
  2022-04-18       433       


پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان رایدەگەیەنێت، هاوپەیمانییەکەیان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستویی سیاسی و دوای دوایین دەستپێشخەریی چوارچێوەی هەماهەنگیش، چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆ سیاسییەکان دەستپێبکەنەوە.

ئاوێنه‌: عەبدولئەمیر ئەلمەیاحی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا باسی لەوەشکردوە، دوای دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی شیعە و دیاریکردنی سەرۆکی حکومەت لەرێگەی ئەو فراکسیۆنەوە، گفتوگۆ سیاسییەکان دەستپێدەکەنەوە و چاوەڕێ دەکرێت دوای جەژنیش گفتوگۆکان بگەنە ئەنجامێک.

ئاماژەی بەوەشکردوە، داواکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەم کاتەدا نەکراوە، هیچ ئاڕاستەیەکیش نیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، بەڵام داواکاری هەیە بۆ ئەوەی بنبەستی سیاسی کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە هاوڵاتیان بەرگەی پەکخستنی پەرلەمان ناگرن لەکاتێکدا حکومەتی کاربەڕێکەریش لە عێراق کە دەسەڵاتەکانی سنودارە و ناتوانێت پڕۆژەکان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان رەوانەی پەرلەمان بکات.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، ئەرکی پەرلەمان دەرچواندنی ئەو یاسایانەیە کە خزمەتی هاوڵاتیان دەکەن لەوانەش یاسای بودجە، بۆیە دەیانەوێت قۆناغەکانی پێکهێنانی حکومەت بەزوترین تێپەڕێنن تاوەکو دەستبکرێت بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کۆمەڵگا.

کۆبونەوە راوێژکارییەکانی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەردەوامن دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر مۆڵەتی 40 رۆژی پێدان بۆ ئەوەی بەبێ بەشداری رەوتەکەی حکومەتی زۆرینە پێکبهێنن، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر حکومەتی سازان بەبەشداری هەمو لایەنەکان دەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×