رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور: عێراق لەڕیزبه‌ندی‌ 10 خراپترین وڵاتی جیهاندایە بۆ كاری رۆژنامەنوسیی
  2022-05-03       428       

به‌گوێره‌ی‌ نوێترین ڕاپۆرتی‌ رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور، عێراق لەڕیزبه‌ندی‌ 10 خراپترین وڵاتی جیهاندایە بۆ كاری رۆژنامەنوسیی. ڕێكخراوه‌كه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ رۆژنامەنوسان له‌عێراق لەهەموو لایەكەوە روبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی لاوازی دەوڵەت‌و دامەزراوەكانی كە ناتوانن رۆڵی خۆیان بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسان بگێڕن. 

ئاوێنه‌: رێكخراوی پەیامنێرانی بێسنور كە بارەگا سەرەكییەكەی لەپاریسی پایتەختی فەڕەنسایە، یەكێك لەو رێكخراوانەیە كە ساڵانە راپۆرتی خۆی لەبارەی دۆخی ئازادی رۆژنامەگەریی لەسەر ئاستی جیهان بڵاودەكاتەوە. 

بەپێی راپۆرته‌كه‌، باشترین 10 وڵاتی جیهان بۆ كاری رۆژنامەوانی لەساڵی 2022دا بریتین لەم وڵاتانە (نەرویژ، دانیمارك، سوید، ئیستوانیا، فنلەندا، ئایرلەندا، پرتوگال، كۆستاریكا، لیتوانیاو لیختنشتاین).

خراپترین 10 وڵاتی جیهانیش بۆ كاری رۆژنامەوانی بریتین لەم وڵاتانە (كۆریای باكور، ئەریتیریا، ئێران، توركمانستان، بۆرما، چین، ڤێتنام- كوبا- عێراق‌و سوریا). 

بةوةش عێراق لەكۆی 180 وڵات، لەریزبەندی 172دایە، ئەمساڵ بەبەراورد بە ساڵی رابردو عێراق 9 پلە پاشەكشێی كردووە، چونكە ساڵی رابردودا لەپلەی 163دا بووە.

پەیامنێرانی بێسنور ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕو كه‌ هه‌رچه‌نده‌ لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هیچ رۆژنامەنوسێك لەعێراق نەكوژراوە، بەڵام له‌راپۆرتەكەدا ئاماژه‌ی‌ بۆ زیندانیكردنی پێنج رۆژنامەنوسی له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌ كه‌ زیندانیكراوانی‌ بادینانن‌و هێشتا لەزیندانن‌و ئازاد نەكراون. 

راپۆرتەكەی پەیامنێرانی بێسنوردا هاتووة، لەنێوان تیرۆرو ناسەقامگیری سیاسیی‌و خۆپیشاندانەكاندا، رۆژنامەنوسان لەهەموو لایەكەوە روبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە، ئەمەش بەهۆی لاوازی دەوڵەت‌و دامەزراوەكانی كە ناتوانن رۆڵی خۆیان بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسان بگێڕن. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×