رێنماییەکانی کارکردنی کارگەکانی غاز لە سنوری هەڵەبجە راگەیەندرا
  2022-05-11       515       

بەڕێوبەرایەتی نەوت وکانزاکانی سلێمانی  سەبارەت بە چۆنیەتی ئیشوکاری کارگەی غازەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، ژمارەیەک رێنمایی رادەگەیەنێت "سەرپەرشتیاری لیژنەی سوتەمەنی قائیمقامیەتیش رایدەگەیەنێت بەردەوام هەوڵ دەدەین و کاردەکەین بۆئەوەی کارگەی دیکەی غاز لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بکرێتەوە".

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، قائیمقامیەتی هەڵەبجە بڵاویکردوەتەوە،"بەمەبەستی ڕێکخستن و بەدواداچون بۆ ئەو بڕە غازەی کە دابین دەکرێت بۆ کارگەکانی غاز لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕێنماییەکی تایبەتی سەبارەت بە ئیش وکار لە کارگە غازەکان ئاراستەی یەکە ئیداریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کردوە".

رونیشیکردوەتەوە،" بەردەوام لە هەوڵداین بۆئەوەی کە بەشە غازی کارگەکانی هەڵەبجە زیاد بکەین، کارگەی دیکەی غاز لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بکرێتەوە و بۆئەوەی لە چاوەڕوانی خواستی هاوڵاتیان بێت".

ئاشکراشیکردوە،" لیژنەی سوتەمەنی قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی هەڵەبجە لە پارێزگای هەڵەبجە بە بەردەوام چاودێری کارگە غازەکانی ( سیروان، عەبابەیلێ، هەورامان هەڵەبجە )یە، ئەمەش لەپێناو ڕێکخستن و چاودێری ئەو بڕه غازەی کە دەگاتە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، جگە لەمەش فشاردەکەین بۆ ناردنی بەشە غازی زیاتر بۆ پارێزگای هەڵەبجە". 

ئەو ڕێنماییانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانییەوە بۆ کارکردنی کارگەکانی غاز لە سنوری هەڵەبجە دیاریکردون بریتین لە:

یەکەم: کاتی کارکردنی کارگە لە کاتژمێر 6:00 ی بەیانی تا 9:00ی بەیانی دەبێت، وە ڕۆژانی هەینی پشوەو نابێت کارگە کار بکات.

دوەم: کامێرای چاودێری ناو کارگەکان بەردەوام لەکاردا بێت و تۆمارەکانیان ئامادە بێت بۆ پێداچونەوە.

سێیەم: تابلۆی زانیاری ( ناوی کارگە، ناوی بریکار، ژمارەی ئۆتۆمبێل، ژمارەی مۆبایل، .... هتد ) هەڵبواسرێت لەسەر ئۆتۆمبێلی بریکارەکان  وە ناوو زانیاری هەمو بریکارەکان لەلامان تۆمارە و هەر گۆڕانکاریەک لە بریکار یان ئۆتۆمبێلی بریکار بکرێت پێویستە بە ڕەزامەندی بەڕێوبەرایەتیمان بێت.

چوارەم: فرۆشتنی غاز لەناو کارگە بۆ هاوڵاتی ( تاک فرۆش ) بۆ هەر ( یەک بار ) نابێت لە (25) بوتڵ زیاتر بێت، وە نرخی فەرمی کە بڕی (8500) هەشت هەزار و پێنجسەد دینارە، وە بە بڕی (7500) حەوت هەزار و پێنجسەد دینار بۆ بریکار، ولەکاتی داواکاری زیاتر لەلایەن هاوڵاتیانەوە ڕووبەڕوی بریکار بکرێت.

پێنجەم: پێویستە فرۆشتنی غاز لەکارگەوە بۆ هاوڵاتیان و شوێنە گشتیەکان تەنها لە ڕێگەی بریکارەوە بێت. وە پێویستە بریکار ئەو بڕە غازەی ڕۆژانە باری دەکات لای خۆی تۆماری بکات وە مانگانە پاکتاوی لەگەڵ دەکەین.

شەشەم: دیاریکردنی بەشی بریکارەکان بە بوتڵ بۆ هەر بارێک هەڵبواسرێت لەناو کارگەدا لەگەڵ بڕی هاتووی بارەکە بەپێی ( مەنەفێست ).

حەوتەم: پێویستە خاوەن کارگە لەکاتی هاتنی غاز ئاگاداری لیژنەی چاودێری کارگەکان لەسنوری ئیداری کارگەکە بکات، وە بە ئاگاداری لیژنەکە بەتاڵ بکرێت و دابەش بکرێت.

هەشتەم: بریکار لە ڕۆژێکدا تەنها یەک جار دەتوانێت غاز باربکات وەنابێت لە (75) بوتڵ زیاتر باربکات.
نۆیەم: هەڵسوڕاندنی بریکاریەتەکە لەلایەن کەسێکی تر جگە لە بریکاری سەرەکی وەک گۆڕینی شۆفێر، پێچەوانەی ڕێنماییەکانە.

دەیەم: پێویستە ئەم گشتاندنە لەناو کارگە هەڵبواسرێت و گشت بریکارەکانی لێ ئاگادار بکرێتەوە.

یانزدەیەم: پێویستە هەمو کارگەیەک ڕۆژانە ڕاپۆرتی هەبێت لە رەسید و هاتوو  فرۆشراوبونی کۆتایی تێدا تۆمارکراو بێت وەک ئەو شێوە ڕاپۆرتەی کە هاوپێچە وە مانگانە ئەو ڕاپۆرتە بگاتە بەڕێوبەرایەتیمان.

دوانزدەیەم: لەکاتی پابەند نەبونی کارگە و بریکار بەو خاڵانەی ئاماژەی پێکراوە ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×