جەعفەر شێخ مستەفا: ماندوبونی نه‌وشیروان مسته‌فا لەژیانی سیاسیی و کارە رۆشنبیرییەکانی لە هزرماندا بە نەمری دەمێننەوە
  2022-05-19       1231       


شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاند،  نه‌وشیروان مسته‌فا نیوسەدەی لەتەمەنی پێشكەش بە خەباتی كوردایەتی كرد لە پێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان و ئازادی بۆ گەلێكی ستەمدیدە، ده‌شڵێت، "خەبات و ماندوبونی لە ژیانی سیاسیی و کارە ڕۆشنبیرییەکانی هەمیشە لە هزرماندا بە نەمری دەمێنێتەوە".

ئاوێنه‌: شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌ ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بڵاویكرده‌وه‌، "ئەمڕۆ پێنج ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ماڵئاوایی یەکێک لە كەسایەتییە دیارەكانی نێو خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەكەمان، كە نیوسەدەی لەتەمەنی پێشكەش بە خەباتی كوردایەتی كرد لە پێناو گەیشتن بە سەربەخۆیی كوردستان و ئازادی بۆ گەلێكی ستەمدیدە، ئەویش خوالێخۆشبو کاک نەوشیروان مستەفایە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "کاک نەوشیروان کەسایەتیێكی شۆرشگێڕ و  دڵسۆز و خاکی بو بۆ نیشتیمانەكەی، لە ھەمان کاتدا سەرکردەیەکی سیاسیی دوربین و وردبین بو، شارەزاییەكی تەواوی هەبو لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی و سیستەمی سیاسیی لە ناوچەکەدا، لەپاڵ ئەرکە سیاسییەکەیدا نوسەرێکی بەتوانا و جوان دیدەش بو لە نیشاندانی جوگرافیا و سروشتی جوانی كوردستان، نووسین و بەرھەمەکانی زادەی بیر و خەون و ئەندێشەکانی بون، هەروەها لە بواری مێژودا خەرمانێکی گەورەی کۆکردوه‌تەوە كە ئەمەش شانازییە بۆ گەلی کورد و کوردستان".

له‌ په‌یامه‌كه‌ی شێخ جەعفەر شێخ مستەفادا هاتوه‌، "سڵاو بۆ گیانی پاکی کاک نەوشیروان، خەبات و ماندوبونی لە ژیانی سیاسیی و کارە ڕۆشنبیرییەکانی هەمیشە لە هزرماندا بە نەمری دەمێنێتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×