قوباد تاڵەبانی: هەمو لایەنەکانم دەستکراوە کرد بۆ سزادانی توندی کەسانی زیادەڕەوكار
  2022-05-22       649       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەدوای كۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی ڕوبەڕوبونەوەی زیادەڕەوی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی لەسلێمانی، رایگەیاند، هەمو لایەنەکانم دەستکراوە کردوە بۆ سزادانی توندی کەسانی زیادەڕەوكارو خۆشم پاڵپشتی راستەوخۆیان دەبم.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەمڕۆ یەکشەممە، سەردانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی کردو بەئامادەبونی لەیلا عومەر، سە‌رۆكی شارە‌وانی، لەگەڵ لیژنەی ڕوبەڕوبونەوەی زیادەڕەوی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی لەسلێمانی کۆبۆوە.

قوباد تاڵەبانی لەوبارەیەوە لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتویەتی"رێگا بەهیچ زیادەڕەوییەک نادەین و ئەوەشی کراوە بەهەمو توانامانەوە روبە‌ڕوی دە‌بینە‌وە‌."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەکۆبونەوەی ئەمڕۆمدا لەگەڵ لیژنەی روبە‌ڕوبونە‌وە‌ی زیادەڕەوییەکان لەشارەوانی سلێمانی، هەمو لایەنەکانم دەستکراوە کردوە بۆ سزادانی توندی کەسانی زیادەڕەوكار و خۆشم پاڵپشتی راستەوخۆیان دەبم."

بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەكەشی "لەکۆبونەوەکەدا وێڕای ستایشکردنی کاروبارەکانی رابردویان لە‌پرسی روبە‌ڕوبونە‌وە‌ی زیادەڕەویی لە‌ سنوری سلێمانی، گفتوگۆ لەبارەی ئەو پڕۆژانەی بواری وەبەرهێنان کرا کە زەوییان وەرگرتوە و بە‌شێكی زیادەڕەویە‌، لەوبارەیەوە بڕیاردرا کە کۆبونەوە لەگەڵ خاوەنی ئەو پڕۆژانەدا ئەنجام بدرێت بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە."

بەپێی راگەیەندراوەكە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند: دەبێ بەهەمو شێوازێک رێگری بکرێت لەهەر زیادەڕەوییەک بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی و پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی لیژنەکە دوپات کردەوە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، دواتر لیژنەی روبەڕوبونەوەی زیادەڕەوییەکان نەخشەی هەمو ئەو زیادەڕەوییانەی نمایش کرد کە پۆلێنی ئەو زیادەڕەوییانەی تێدا خراونەتەڕو لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×