دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سه‌در لەڕوی یاسایی‌و سیاسیەوە
  2022-06-12       948       

ئەمین بەكر
راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق

لەڕوی یاساییەوە:

۱.دەست لەکارکێشانەوە پێویستی بەڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەرانە بەزۆرینەی ڕەها واتە پەنجا کۆ یەک (۱٦٥) دەنگ.بەپێ ی هەمواری یاسای گۆڕینی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە ٤۹ ی ساڵی ۲۰۰۷ ی کەهەمواری یاسای ژمارە ٦ ی ساڵی ۲۰۰٦ کردوە لەبڕگەی سێیەمیدا دەڵێت (ثالثا- تسري الفقرة أولا من الأمر رقم (9) لسنة 2005 على عضو مجلس النواب وأعضاء هيئة الرئاسة في حالة تقديم استقالته وقبولها من قبل المجلس بالاغلبية المطلقة على أن لا تقل فترة عضويته في مجلس النواب عن سنة واحدة..) یاساکە ئاماژەی بەوەکردوە کە دەست لەکارکێشانەوە پێویستی بەڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەرانە بەزۆرینەی ڕەها.

بێجگە لەو دەقە لەناو پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران و لەیاسای ژمارە ۱۳ ئەنجومەنی نوێنەرانی ساڵی ۲۰۱٨ شدا باس لە ڕێکاری دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار نەکراوە ،تەنها باسی لەدەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار کردوە وەکو یەکێک لەڕێگاکانی کۆتایی هاتنی ئەندامێتی.

۲.دەست لەکارکێشانەوە دەبێت شخصی بێت واتە هەر پەرلەمانتارەو خۆی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی بنوسێت نەک سەرۆکی لیست،چونکە هەڵبژاردن تاکیە (فردیە)، واباشترە سەرۆکی پەرلەمان ناوەکان بڵاوبکاتەوە.
وە ئەو دەست لەکارکێشانەوەیە هەرچەند بەکۆمەڵە بەڵام نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی  نوێنەران، هەڵوشاندنەوەی پەرلەمان ڕێکاری تایبەتی خۆی هەیەو جیاوازە.

۳.دوای پەسندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکان دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران ناوەکان وژمارەی هەڵبژاردنی ئەو پەرلەمانتارانە ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی باڵای  هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات و کۆمیسیۆنیش، یەکەمین کاندیدی دۆڕاوی ئەو بازنەیە،واتە ئەو کاندیدەی دوای کاندیدە دەرچوەکە زۆرترین دەنگی هێناوە لەو بازنەیەی کەپەرلەمانتارەکەی دەستی لەکارکێشاوەتەوە، جێگای دەگرێتەوە، واتە نەبەستراوەتەوە بەوەی ئەو کاندیدەی لەجێگای پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوە دەبێتە پەرلەمانتار لەچ لیستێک وهێزێکی سیاسیە.

لەڕوی سیاسیەوە 
بێجگە لەوەی ئەم هەنگاوەی سه‌دریەکان دۆخی عێراق توشی زەمین لەرزەیەکی سیاسی دەکەن و دوورنیە سەربکێشێ بۆ پێکدا دان وشەڕی ناوخۆ، بەڵام بەڕای من هەڵەیەکی سیاسی گەورەیە ئەگەر سه‌دریەکان لەم هەنگاوەیان نەگەڕێنەوە،زەرەرمەندی سەرەکی خۆیان دەبن، دوای ئەوانیش هاوپەیمانەکانی سه‌در هەریەک لە سیادەی سونەکان وپارتی زەرەرمەند دەبن، چونکە لەزۆربەی بازنەکانی هەڵبژاردندا کەسانی نزیک لەچوارچێوەی هەماهەنگی دێنە شوێنی پەرلەمانتارانی سه‌درو بەئاسانی دەتوانن حکومەتی ئایندە پێکبهێنن، سروشتی سیاسی و جەماوەری عێراقیش وایە زۆرینەی دەنگدەر وابەستەی دەسەڵات وبەرژەوەندیەو ئەزمونەکانی سەردەمی مالیکیش ئەوە پیشان ئەدەن، بەمشێوەیە گۆڕەپانەکە هەرچەند پڕ ئاشوب دەبێت بەڵام بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی تیایدا دەسەڵاتداردەبن.
واباشتربوو  سه‌در داوای لەهاوپەیمانەکانی بکردایە ئەنجومەنی نوێنەرانیان هەڵبوەشاندایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×