نوێنەری ئیدارەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا: داوامان کردوە دەستەکانی پشت کوشتنی فەرهاد شبلی ئاشکرابکرێن
  2022-06-21       1007       

نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان، رایگه‌یاند، لەسەر کوژرانی فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بۆردومانەکەی 17ی ئەم مانگەدا لە کەلار، بە فەرمی داوای ڕونکردنەوەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، تاوەکو ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.

ئەڤین سوێد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان به‌ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندوه‌، "شەهید فەرهاد شبلی هەرێمی کوردستانی وەک وڵاتی خۆی تەماشاکردوە بۆیە هاتوەتە ئێرە، ماوەیەک لێرە بوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، لەگەڵ ئەوەشدا سەردانی کەسوکار و خەڵکی ڕۆژئاڤای کوردستانی کردوە لێرە، بە تایبەت لە کەلار، ئێمە ئەوە وەک مافێکی خۆمان دەبینین کە لێرە پەیوەندی دروست بکەین بۆ پشتیوانی ڕۆژئاڤای کوردستان، ئەمە لە هیچ شوێنێکی جیهان قەدەغە نییە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، بە ئامانجکرتنی فەرهاد شبلی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان کارێکی چاوەڕوان نەکراو بوە به‌تایبه‌تی لە شوێنێکی وەک کەلار، کە قوربانییەکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی هەرێمی فیدراڵ دروست بکەن، تەنانەت خەڵکی کەلاریش چاوەڕوانی هێرشێکی لەو شێوەیە نەبون.

نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داواش لە هەردو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر بۆردومانەکانی حکومەتی تورکیا لە خاکی عێراق و وتی، "پێویستە لە بەغدا و لە هەرێمی کوردستانیش هەڵوێست هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانە، چونکە ئەمە پێشێلکردنی سیادەی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانیشە، وە کەلاریش شوێنێکی زۆر دورە لە سنوری تورکیا، ئەمە جێی پرسیار و گومانە کە چۆن ئەو هێرشە لەوێ ئەنجامدراوە".

لە بارەی ئەوەی کە ئایا تا ئێستا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان هیچ ڕونکردنەوەیەکیان لەسەر کوژرانی فەرهاد شبلی ڕاگەیاندوە، ئەڤین سوێد وتی، "بە فەرمی داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوە، کە لێکۆڵینەوە لەو ڕوداوە بکرێت و هۆکار و دەستەکانی پشتی ئاشکرابکرێن، بەڵام بەداخەوە لە ڕێگەی پەیوەندی شەخسییەوە هەندێک هەڵوێست هەبوە بۆ شەهیدبونی فەرهاد شبلی، بەڵام تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی هەتا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەم وەک پرسەنامە و هەمیشە وەک بەڵێندان بە لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی تاوانباران، هیچمان بۆ نەوتراوە".

سەرلەبەیانی رۆژی هه‌ینی رابردو  فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی سوپای توركیا، ئۆتۆمبێلێكی مه‌ده‌نی له‌ كه‌لار كرده‌ ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ چوار كه‌س شه‌هیدبون و كه‌سێكی دیكه‌ش به‌سه‌ختی برینداربوه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ شه‌هیده‌كان فەرهاد شبلی، جێگری هاوسەرۆکانی ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریابو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×