قوباد تاڵەبانی: لە دانوستانەکانی ئەمجارەماندا وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازات ئەولەوییەت نییە
  2022-06-21       525       

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ مارتین جایگەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق رایگەیاند، دانوستانەکانی ئەمجارەیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق جیاوازەو وەرگرتنی پۆست و ئیمتیاز ئەولەوییەت نییە بەڵکو ئەولەوییەت مەرجە سیاسی و ئابوری و ژینگەییەکانە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، لە تەوەرێکی کۆبونەوەکەدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا و شاندی یاوەری کە ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەچو، تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و پرۆسەی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتو کرا و جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە لایەنە کوردییەکان بە یەکدەنگی و بە پڕۆژەی هاوبەش بچنە دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتەوە.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند "بە داخەوە لە رابردودا دانوستانەکان زیاتر لەسەر وەرگرتنی پۆست و ئیمتیازات چڕکرابوەوە، بەڵام ئەمجارەیان پرسە سیاسی  و ئابوریی و ژینگەییەکان ئەولەوییەتی دانوستانەکانیانە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی حوکمڕانی و پرۆسەی ریفۆرم لە هەرێمی کوردستان کرا و جێگری سەرۆک وەزیران داوایکرد حکومەتی ئەڵمانیا زیاتر هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت بە تایبەت لەڕوی ڕاوێژکارییەوە و لە بوارە جیاوازەکاندا کەسانی پسپۆڕ بنێرێتە کوردستان.

لە تەوەرێکیتری کۆبونەوەکەدا باس لە گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی وزەی پاک کرا لە کوردستان و قوباد تاڵەبانی داوایکرد حکومەتی ئەڵمانیا لەمبارەیەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزی ئەڵمانیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە پرسی ژینگە و سۆلارسیستم لەم دوایانەدا لە کوردستان گرنگی پێ دەدرێت و ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی لەمبارەیەوە هاوکاری حکومەتی هەرێم بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×