سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: چاوەڕێی بڕیای حیزب دەكەین بۆ بەشداری لە دانیشتنی سبەینێی پەرلەمان
  2022-06-22       393       

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هێشتا بڕیاریان نەداوە سبەی پێنجشەممە، بەشداری دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکەن یاخود نا. دەشڵێت "پەرلەمانتارانی پارتی لە بەغدان و چاوەڕێی بڕیاری ناوەندیی حیزب دەکەن لەوبارەیەوە".

ئاوێنە: ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە روداوی راگەیاند "دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر بوە بە ئەمری واقیع و فەرمانی دیوانی پەرلەمانیشیان بۆ دەرچوە، ئێستا وەفدی دانوستانکاری پارتی لە بەغدایەو لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان کۆبونەتەوە."

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئیستا بەرنامەی دانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی عێراق رون نییە، هەرچەندە بەگوێرەی ماددەی 58ی دەستور دەبێت رێژەی دیاریکراو هەبێت بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان گرێبدرێت و ئەوەی هەیە تاوەکو ئیستا بە واژۆی 50 پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی داوای کۆبونەوەی پەرلەمانکراوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارانی سەدر.

 ڤیان سەبری وتیشی"زۆرینەی ئەندامەکانی فراکسیۆنەکەیان لە بەغدان و چاوەڕێن لە چەند سەعاتی داهاتودا بڕیاری کۆتایی بدەن، هەروەک بەلای پارتییەوە بنەمای بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیدا سێ خاڵی سەرەکییە کە ئەوانیش هاوبەشی و هاوسەنگی و سازانە."

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەبارەی بڕیاری بەشداریکردنی پارتی لە کۆبونەوەی سبەینێی پەرلەمان کە بە تەنیا یان لەگەڵ هاوپەیمانیی سەروەری سوننەکان دەبێت، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئیستا هاوپەیمانییان بەردەوامە، بەڵام دەوەستێتە سەر ئەوەی ئاخۆ بڕیاری ناوەندیی پارتی چی دەبێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتیشی، دۆخی سیاسیی عێراق بە زویی گۆڕانی بەسەردا دێت و ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەگەری هەیە لەماوەی کاتژمێرێکدا شتەکان بگۆڕێن، هەروەک بەشداریی پارتی لە پڕۆسەی سیاسی و دەسەڵاتی فیدراڵیی عێراقدا زۆر گرنگە و دەبێت هەمو لایەنەکان پێکەوە بگەنە رێککەوتن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×