لایەنە بەشدارەكانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە
  2022-06-23       773       

هێزە سیاسییە بەشدارەكانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوەو دەڵێن، پابەنددەبن بە كاركردنی جددی بۆ پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی، سازان و شەراكەت و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بەپێی دەستور.

ئاوێنە: هێزە سیاسییە بەشدارەكانی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوە هاوبەشەكەیاندا وتویانە"لایەنە سیاسییەكان پابەند دەبن بە كاركردنی جدی و بەپەلە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزاری نیشتمانی لەسەر بنەمای هاوسەنگی، سازان و شەراكەت و پابەندبون بە دەستور."

هەروەها جەختیشیان كردۆتەوە لەسەر چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای دەستورو یاسا.

هەروەها لە راگەیەندراوە هاوبەشەكەدا جەختیان لەسەر دەركردنی یاسای نەوت و گاز كردۆتەوە لەسەر بنەمای دەستور.

هەروەها راگەیەندراوەكە جەختی كردۆتەوە لەوەی كە هێزە سیاسییە بەشدارەكانی حكومەت، بەرپرسیارێتی تەواوەتی ئەدای حكومەتی داهاتو لە ئەستۆ دەگرن و پێداویستییەكانی سەركەوتنی دابین دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبونی 202 پەرلەمانتار كۆبوەوەو تێیدا پەرلەمانتارانی جێگرەوەی پەرلەمانتارە دەستلەكاركێشاوەكانی فراكسیۆنی سەدر سوێندی یاساییان خواردو هەروەها دەنگیش لەسەر هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان درا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×