محەمەدی حاجی مەحمود: ئێران دەیەوێت كورد لەسەر كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رێكبكەوێت
  2022-07-07       504       

سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئێران دەیەوێت کورد لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێکبکەوێت. دەشڵێت، "ئێران دەیەوێت پێشگەڕانەوەی سەدر لە سعودییە حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنرێت."

ئاوێنە: محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوەندەی ئێران بەپەرۆشە لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق، لایەنە عێراقییەکان خۆیان ئەوەندە بە پەرۆشنین.

ئاماژەی بەوەشدا، دوای کشانەوەی فراکسیۆنی سەدر لە پەرلەمان و گەشتکردنی خودی سەدر بۆ سعودییە، لە ئێستادا ئێران دەیەوێت پێش گەڕانەوەی سەدر لەسعودییە حکومەت پێکبهێنرێت و پەرلەمان کۆبێتەوە و لایەنەکان لەسەر کاندیدکردنی دو کەس بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بگەنە رێککەوتن.

وتیشی، ئێران پەلەکردنی لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقی لا مەبەستە. هەربۆیە دەیەوێت کورد لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رێکبکەوێت و سەرجەم لایەن شیعەکان، بەسەدریشەوە، لەسەر کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران رێکبکەون.

سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، "بە ئێرانییەکانم وت، حکومەتێک کوردو سەدرییەکان پشتیوانی لێنەکەن تەمەنی لە سێ مانگ زیاتر نابێت، ئەوانیش هەمان ئاراستەیان هەبو".

لەبارەی ئەوەی نوری مالیکی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران زیاتر ناوی دەهێنرێت و دەنگۆی ئەوە هەیە ئێران پشتیوانی لێبکات، محەمەدی حاجی مەحمود وتی، ئەو خۆی مالیکی پێ باشترە وەک لە هەر کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە، چونکە کۆمەڵیک کاری کردوە لە رابردودا کە هیچ سەرۆک وەزیرانێکی دیکە نەیکردوە.

لەبارەی بڕینی بەشە موچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن مالیکییەوە، محەمەدی حاجی مەحمود باسی لەوەکرد، رەنگە لەسەر داوای لایەنێکی کوردی ئەو کارەی کردبێت.

هەروەها، لەبارەی کاندید کردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و هەڵوێستی سەدر لەوبارەوە، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، موقتەدا سەدر ناڕازیە لە کاندیدکردنی نوری مالیکی، بەڵام مەرجەعیەتی شیعە لە کاندیدکردنی ناڕازی نیە و ئێستا لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگیش کێشە هەیە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، هەرگیز بڕیارەکان لە ناو عێراقدا نادرێت و هەمیشە وڵاتانی وەک ئێران و ئەمریکا بڕیارەکان دەدەن و تا ئێستا ئێران هیچ کاندیدێکی نیە.

وتیشی، ترس هەیە کە سەدر گەڕایەوە کێشە بۆ حکومەتی نوێ دروستبکات و تەمەنی ئەو حکومەتە کورت بێت.

محەمەد حاجی مەحمود، ئەوەشی خستەڕو"ئێران لای گرنگە کورد بە یەك كاندید بۆ سەرۆك كۆمارلە بەغدا بێت و یەك دەنگبێت، ئێران نایەوێت هیچ پێكهاتەیەك دەستێوەردان لە پۆستی پێكهاتەیەكی تر بكات، ئەگەر كورد نەگات بە ڕێکكەوتن ڕەنگە ئەوكاتە ئێران لەناو پەرلەمانەوە یەكێك لە كاندیدەكان یەكلایی بكاتەوە."  

هەروەها، لەبارەی رێککەوتنی یەکێتی و پارتییەوە لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە، سەرۆکی پارتی سۆشیال دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، رەنگە لەم رۆژانەدا یەکێتی و پارتی کۆ ببنەوە و هەنگاویک بێت بۆ گەیشتن بە یەک کاندید، ئەگەر نەگەن بە ئەنجامێک رەنگە ئەو دو کاندیدەی ئێستا یەکێتی و پارتی هەیانە هیچیان نامێننەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×