کەشناسی عێراق: پلەکانی گەرما زیاتر بەرزدەبێتەوە
  2022-07-14       325       

دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لە چوار رۆژی ئایندەدا پلەکانی گەرما بەرزبونەوەی زیاتر بەخۆیانەوە دەبینن و ئەگەری بەرزبونەوەی تۆز و خۆڵ لەئارادایە.

ئاوێنە: دەستەی کەشناسی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە،" کەشی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکوری عێراق جێگیر دەبێت و پلەکانی گەرما هاوشێوەی دوێنێ دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی باشور گەرما چەند پلەیەک بەرزدەبێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردوە،" کەشی سبەی هەینی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باکور جێگیر دەبن، بەڵام لە ناوچەکانی باشور چەند پلەیەک دابەزین بە خۆیانەوە دەبینن".

دەستەی کەشناسی هەر لەو راگەیەندراوەدا باسی لەوەکردوە،" رۆژی شەممە لە ناوچەکانی باکور، لە کەشێکی جێگیرەوە دەگۆڕێت بۆ تۆزو خۆڵ، لە ناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژهەڵات ئەگەری خۆڵبارین هەیە، پلەکانی گەرما دابەزین بەخۆیانەوە دەبینن، بەڵام لە ناوچەکانی باشور خۆڵبارین بە شێوەیەکی لاواز رودەدات و گۆڕانکاری لە پلەکانی گەرمادا دروست ناکات".

سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژی یەکشەممەی داهاتو، ئاشکرایکردوە،" لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق پلەکانی گەرما جێگیر دەبن، لەناوچەکانی ناوەڕاست و رۆژهەڵات وەک رۆژی پێشو دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی باکور، پلەی گەرما جێگیر دەبێت، لە بەشی باشوریش پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە و خۆڵبارینێکی کەم رودەدات.

ئەمە لەکاتێکدایە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ بونی تۆزێکی سوک زیاتر لەناوچە کانی باشوری هەرێم، سبه‌ی هه‌ینیش ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە بە رێژەی جیاواز لەنێوان (1-4) پلەی سیلیزی لەناوچە جیاجیاکاندا بەراورد بە تۆمارەکانی رۆژی پێشو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×