حكومەتی هەرێم: تۆپبارانی توركیا لەسنوری زاخۆ بەتوندی شەرمەزار دەكەین
  2022-07-20       290       

حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند، تۆپبارانكردنی هاوینەوارێك لە سنوری زاخۆ لەلایەن هێزەكانی توركیاوە بەتوندی شەرمەزاردەكەین و دەشڵێت: پێویستە حکومەتی فیدرال و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەشێوەیەکی کاراتر، ھەوڵی ڕێگریکردن لە دوبارەبونەوەو کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.

ئاوێنە: حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"تۆپبارانکردنی ھاوینەھەواری پەرەخێ لە سنوری دەرکار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لایەن ھێزەکانی تورکیاوە، بە توندی شەرمەزار دەکەین، کە بە داخەوە بوە ھۆی شەھید و برینداربونی ژمارەیەک ھاوڵاتی گەشتیار. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای چاكبونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەماوەی رابردودا، هەرێمی کوردستان چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، کراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاوڵاتییانمان کەوتوە. پێویستە حکومەتی فیدرال و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی کاراتر ،ھەوڵی ڕێگریکردن لە دوبارە بونەوە و کۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "پێکدادانی هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی پەکەکەش لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم، بوەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆ سەر هاوڵاتییانمان، بۆیە جارێکی دیکەش داوا دەکەین، ھەرێمی کوردستان، لە کێشە و ململانێ ناوچەییەکان دور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھاوڵاتییانی بێ تاوان، نەبنە قوربانی ."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×