فواد حسێن: کاردەکەین بۆ قایلکردنی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دەرکردنی هێزەكانی تورکیا لە عێراق
  2022-07-26       567       

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، كاردەكەین بۆ قایلكردنی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دەركردنی سەربازانی توركیا لەنێو خاكی عێراق و پێشبینیش دەكەین ئەنجومەنەكە بڕیارێكی گرنگ لەسەر دەستدرێژییەكانی توركیا دەربكات.

ئاوێنە: فواد حسێن، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای رەسمی عێراق، رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا كاردەكەین بۆ قایلكردنی ئەندامانی ئەنجومەنەكە بە دەركردنی بڕیارێك بۆ دەركردنی هێزەكانی توركیا لەنێو خاكی عێراق.

وتیشی"ئێمە پێشبینی دەکەین ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارێکی گرنگ لەسەر هێرشەكەی تورکیا دەربکات."

جەختیشی كردەوە كە هەوڵدانی توركیا بۆ نکۆڵیکردن لەوەی كە لە پشت بۆردومانەكەی سنوری پارێزگای دهۆكەوە بێت، سودی بۆی نابێت و ئێمە زانیاریمان كە پشتڕاسی دەكەنەوە ئەو هێرشەکەی ئەنجامداوە.

وتیشی"عێراق دو كێشەی هەن كە بونی هێزەكانی توركیا و هەروەها بونی چەكدارانی پەكەكەیە لە نێو خاكەكەی، هەناردەكردنی كێشەكانی توركیاو یەكلاكردنەوەیان لەنێو خاكی عێراق قبوڵكراو نییە."

هەروەها ئەوەشی خستەڕو"هیچ ڕێککەوتنێک نییە کە ڕێگە بە بونی سوپای تورک بدات لە خاکی عێراق."و وتیشی"دەمانەوێت پەیوەندییمان لەگەڵ توركیا هەبێت، پێویستە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشین بۆ بونیادنانی پەیوەندیی باش لەنێوان هەردو وڵات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×