كازمی: گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێستا ئاماژەیەکی ترسناکن لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتیی عێراق
  2022-07-28       368       

سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئێستا ئاماژەیەکی ترسناکن لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتیی عێراق و داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات عێراق تووشی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و ئەمنی نەکەن.

ئاوێنه‌: مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات کە قەیرانەکان نەخەنە ئەستۆی حکومەت و دەڵێت: "پێویستە رێگایەک بۆ دۆخى چەقبەستوویی سیاسی ئێستا بدۆزرێتەوە."

ئەمڕۆ  پێنجشەممە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەى خۆپیشاندانەکەى دوێنێ چوار شەممە رایگەیاند، رووداوە خێراکانی عێراق بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی ئێستاوەیە کە جێگای نیگەرانییە بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.

ئاماژەى بەوەشکردوە، حکومەت لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ وە هەوڵی دابینکردنى سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی داوە لە وڵاتەداو  لەماوەی دوو ساڵی رابردووداش رێڕەوێکی ئارام و نیشتمانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە سیاسییە جیاوازەکان گرتووەتەبەر و بەرژەوەندیی گشتی لەسەر بەرژەوەندی تایبەت داناوە.

کازمی ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەت سەرسامی خۆی لە بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ تێوەگلانی لە وردەکاریی قەیرانە سیاسییەکان، تەنانەت دوای چوونە قۆناخی کاربەڕێکەرییەوە دەردەبڕێت. حکومەت لە رۆژی دوای هەڵبژاردنەکەوە کاریکردووە بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێک بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و بەرپرسیارێتییەکانی، بە گوێرەی رێوشوێنە دەستوورییەکان.

سەرۆک وەزیرانى عێراق داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان دەکات کە قەیرانە سیاسییەکان نەخەنە ئەستۆی خۆی حکومەتەکەی لەکاتێکدا کە دیالۆگی  پەیڕەو دەکات لەپێناو نەهێشتنی ناکۆکییەکان،  داواش لە سەرجەم هێزەکان دەکات لە هەستیاری ئێستای عێراق تێبگەن و رێگە لە تێوەگلانی وڵات لە قەیرانێکی ئەمنی یان کۆمەڵایەتی بگرن."

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشى" بێدەنگی و نەچوونە نێو رووبەڕووبونەوەی سیاسییمان هەڵبژارد، پارێزگاریمان لە سەربەخۆیی و بیلایەنیی حکومەت لە رکابەریی سیاسی و هەڵبژاردن کرد، ئەوەش لە رێگەی بەشدارنەبوونی سەرۆکی حکومەت یان ئەوانەی نوێنەرایەتی دەکەن لەو هەڵبژاردنەی لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، ئەوەش لە پێناو پاراستنی هەڵبژاردن لە هەر تۆمەت یان لێکدانەوەیەک."

لە کۆتایشیدا مستەفا کازمی داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات رووبەڕووی قەیران و ناکۆکییەکان بە گیانی دیالۆگی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن و ژیرانە لە شڕۆڤەکردنی رووداوەکان بڕوانن. ئاسایشی عێراق و سەلامەتیی گەلەکەی ئەمانەتێکە و دەبێت بپارێزرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×