چوارچێوەی هەماهەنگی: پەلەبكرێن لە یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆككۆمار
  2022-08-10       427       

چوارچێوەى هەماهەنگی جەخت دەكاتەوە لە پەلەكردن لە یەکلاکردنەوەى كاندیدی سەرۆککۆمار و پێکهێنانى حکومەتی نوێ و رێزگرتن لە دامەزراوە دەستورییەكان، ئەوەش لەدوای ئەوەی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر داوایكرد تا كۆتایی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق هەڵبوەشێنرێتەوەو وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاری بكرێت.

ئاوێنە: چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمشەو چوارشەممە، لەدوای كۆبونەوەی سەركردەكانی، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا كە لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی رەوتی گفتوگۆكانی ئێستا لەگەڵ هێزە نیشتمانییەكان كراوە بەمبەسەتی پەلەكردن لە یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتێكی "خزمەتگوزار".

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە بەشدارانی كۆبونەوەكە دوپاتیان كردۆتەوە كە پێویستە رێز لە دامەزراوەكان و لە پێشی هەمویانەوە دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان بگیرێت و هەر جۆرە دەستدرێژییەك بۆ سەریان رەتبكرێتەوەو كارەكانیشیان پەك نەخرێن.

هەروەها داواشی لە لایەنە سیاسییەكان كردوە پێكەوە كاربكەن بۆ پاراستنی دەستكەوتە دیموكراتییەكان و بەردەامیدان بە گفتوگۆ بونیادنەرەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەر بۆ قەیرانی ئێستا و پێكهێنانی حكومەت.

هەروەها داواشی لە هاوڵاتیان كردوە پشتیوانی بكەن لە هەنگاوە یاسایی و دەستورییەكانی پێكهێنانی حكومەت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×