یۆنان: رێوشوێنەکانی رێگریکردن له‌ هاتنی كۆچبه‌ران توند ده‌كه‌ینه‌وه‌
  2022-08-24       506       


حکومەتی یۆنان رایگەیاند، بەهۆی بەرزبونەوەی رێژەی کۆچی نایاسایی، بڕیاریانداوە رێوشوێنەکانی رێگریکردن توندبکەنەوە و لەوچوارچێوەیەشدا بەدرێژایی سنوری وشکانی لەگەڵ تورکیا تەلبەند دەکەن و چاودێیکردنیش چڕ دەکەنەوە.

ئاوێنه‌: حکومەتی یۆنان، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردوەتەوە،" بەمەبەستی رێگریکردن لە دیاردەی کۆچی نایاسایی بڕیارمانداوە، بە درێژایی روباری ئیڤروس تەلبەند بکەین، هاوکات سیستەمی چاودێری کەناراوەکان نوێبکەینەوە و چالاکتریان بکەین".

ئەم بڕیارانە لەمیانەی کۆبونەوەی کریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە، گەورە بەرپرسانی ئاسایش و سوپا و کۆچی دەرکراون، ئەمە پاش ئەو بەرزبونەوە چاوەڕواننەکراوەی لە ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی رویانداوە، چ لە سنوری وشکان و چ لە سنوری ئاویەوە لەرێگەی دەریای ئیجەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکەی حکومەتی یۆنان، تەلەبەندکردنەکە 40 کیلۆمەتر دەبێت، لەناوچەی دەریای ئیڤروس، بە درێژایی سنوری وشکانی باکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردودا حکومەتی ئەسینا، چەند جارێک ئەنقەرەی بە ناردنی ئەو ژمارەیەی کۆچبەران تۆمەتبارکرد کە بە وتەی خۆیان"بوەتە هۆی تێکدانی ئاسایشی وڵاتەکە و پەیوەندیی دراوسێیەتی نێوانیان"، هاوکات تورکیاش یۆنانی بە ناردنەوەی کۆچبەران و پێنەدانی مافی پەنابەرێتی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبارکردوە.

پێشتر و لەساڵی 2020 تورکیا رایگەیاند، سنورەکانی رۆژئاوای بەڕوی کۆچبەراندا دەکاتەوە، لەبەرامبەریشدا حکومەتی یۆنان جەختیی لە بەهێزکردنی سنورەکانی کردەوە بۆ رێگری لەو شەپۆلەی کۆچبەران".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×