بافڵ تاڵەبانی بۆ محەمەد شیاع سودانی: هەڵەی ڕابردوو دووبارە مەکەرەوە
  2022-10-14       616       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە محەمەد شیاع سودانی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەت دەکات "هەڵە و ئەزموونی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە".  

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ هەینی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لە بەغدا پێشوازیکرد لە محەمەد شیاع سودانی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق.  

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ کرا لەبارەی بەرنامە، ستراتیژی حکومەتی نوێ و یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار لە ماوەی یاسایی خۆیدا و هەنگاونان بەرەو خزمەتكردنی زیاتری هاوڵاتییان.  

دەشڵێت، "‏‎لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی جارێكیتر پیرۆزبایی لە محەمەد شیاع سودانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و بەرپرسیارێتییە نوێكەی بۆ خواست."  


جەختیشی "لە هەمان راسپاردەكانی كۆبوونەوەی پێشوو كردەوە و وتی، پاراستنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كورد ئەركی حكومەتی نوێیە و دەبێت بەیەك چاو سەیری گەلی كورد و هەموو گەلانی دیكەی عێراق بكرێت. هیواشی خواست هەمووان بە یەك تیم لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكان كار بكەن و كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكەن."  

بافڵ تاڵەبانی "ئاماژەی بە دووبارەنەكردنەوەی ئەزموونی حوكمڕانی كرد لە رابردوودا و وتی، هیوادارم حكومەتی نوێ بە دیدگایەكی نوێوە بەرەوە حوكمڕانییەكی تەندروست هەنگاوبنێت، هەڵە و ئەزموونی رابردوو دووبارە نەكاتەوە. كێشە سیاسییەكانی تێكەڵی حوكمڕانی نەكرێت و هاوڵاتییان نەبنە قوربانی ململانێكان. پێكهێنانی حكومەتیش لەم ساتە هەستیارەدا بەرپرسیارێتییەكی گەورەیە و هەموومان لەپێناو هەوڵە نیشتمانییەكان پشتیوان دەبین."  

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، "محەمەد شیاع سودانی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق ستایشی سەرۆك بافڵی كرد بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە نیشتمانییە و وتی، ئەمڕۆ هاتوومەتە لای برا، هاوڕێ و بەشدارێكی سەرەكی لە حكومەتی نوێ. سەرۆك بافڵ و یەكێتی هاوبەشێكی راستگۆی ئێمەن و پێكەوە بەرەو بونیادنانی داهاتوویەكی گەشتر هەنگاو دەنێین."  

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×